مێسی بەیەک لێدوان 12.9 ملیار دۆلار قازانج بە کۆکا کۆلا دەبەخشێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، خاوەن هەشت نازناوی باڵۆندۆر و ئەستێرەی یانەی ئینتەرمەیامی، تەنیا بە گوتنی چەند وشەیەک لەبارەی خواردنەوەیەکی گازی، بووە هۆی بەرزبوونەوەی چاوەڕواننەکراوی بەهای یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهان و قازانجێکی خەیاڵیی بەو براندە گەیاند.
 
لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا، مێسی پەردەی لەسەر نهێنییەکی تایبەتی خۆی لادا و گوتی ئارەزوو دەکات شەراب لەگەڵ خواردنەوەی گازیی سپرایت تێکەڵ بکات و بیخواتەوە. ئەو ئەستێرە تەمەن 37 ساڵە ئاماژەی بەوە کرد ئەو تێکەڵەیە "خێراتر کاریگەریی دەبێت".
 
ئەو قسانەی مێسی، بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر لە سۆشیال میدیا بڵاوبوونەوە و سەرنجی وەبەرهێنەرانی بۆ کۆمپانیای کۆکاکۆلا راکێشا. پشکەکانی کۆمپانیاکە لە بازاڕدا بە رێژەی نزیکەی 5% بەرزبوونەوە. ئەم گۆڕانکارییە ئەرێنییە بووە هۆی زیادکردنی 12.9 ملیار دۆلار بۆ بەهای بازاڕیی کۆمپانیاکە.
 
میدیاکانی جیهان ئاماژە بەوە دەکەن ئاماژەیەکی سادەی مێسی، کاریگەریی گەورەی لەسەر بازاڕ و متمانەی وەبەرهێنەران هەبووە و قەبارەی بازرگانیکردن بە پشکەکانی ئەو کۆمپانیایەی زیادکردووە. ئەم رووداوە جارێکی دیکە هێزی ناوبانگی ئەستێرە گەورەکانی جیهان لە کایە ئابوورییەکاندا دەسەلمێنێت، کە دەتوانن تەنیا بە دەربڕینی حەزێکی کەسی، گۆڕانکاریی ملیار دۆلاری لە بەهای براندەکاندا دروست بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە