رووداو دیجیتاڵ
کێشەی دارایی بارسێلۆنا و نەبوونی ویستی یارییکردن لە خولی تۆپی پێی سعودیە، ئەگەری هەیە مێسی لە پاریس سانجێرمان بهێڵێتەوە و لە کۆتاییدا گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، راپۆرتێکی لەبارەی داهاتووی لیۆنێل مێسییەوە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "لیۆنێل مێسی لە بردنەوەی نازناوی دوازدەیەمی خول نزیکدەبێتەوە، ئەگەر ئەمشەو لە یانەی لانس ببەنەوە، لە کاتێکدا بەجیاوازیی 9 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکەن و 7 یاریی ماوە، بەڵام بەدەستهێنانی نازناوەکە دەبێتە یەکەم نازناو کە لیۆ لە کەشێکی وا ناهەموار و ناخۆشدا بەدەستیدەهێنێت."
سەرچاوەکە دەڵێت "کاتێک مێسی بەرامبەر لانس یارییدەکات بەلای کەمەوە، ئەمجارە زۆر چاوی لەسەر نابێت، لەکاتێکدا لە ماوەی رابردوودا دووجار هاندەرانی پاریس سانجێرمان فیکەیان لە دژی یاریزانەکە لێداوە، هۆکاری ئەوەشی کە چاوەکان لەسەر لیۆ کەمتر دەبنەوە، ئەو سکانداڵەی کریستۆڤ گالتێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمانە، کە بەو هۆیەوە 5 هەزار پەیامی هەڕەشەئامێز بۆ راهێنەری یانە فەرەنسییەکە نێردراون."
پرسی گالێتی، ئەو کاتە سەریهەڵدا، کاتێک ئیمەیلێکی جولیان فۆرنێر، بەڕێوەبەری تیپی تۆپی پێی نیس بڵابووەوە، کە بۆ کارمەندێکی کۆمپانیای ئانوێسی ناردووە کە خاوەنداریەتی یانەکە دەکات، لە ئیمەیلەکەدا گالتێ سووکایەتی بە یاریزانە رەشپێست و موسڵمانەکان کردووە.
لەگەڵ ئەوەی ئەم رووداوانەی گالتێ کاردانەوەی گەورەی دروستکرد، بەڵام ئەوەی پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا مێسی دەمێنێتەوە؟ ئەگەر بڕوات دەچێتە کام یانە؟
یانەی هیلالی سعودی، ماوەیەکی زۆرە گرنگی بە گواستنەوەی مێسی دەدات و ئامادەیە 420 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی لیۆ تەرخانبکات، خۆرخی مێسی، باوکی یاریزانەکەش چووە سعودیە و لەوێشەوە بۆ بارسێلۆنا، بەڵام لیۆ نایەوێت لە سعودیە یاریی بکات، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە دەیەوێت لە ئەوروپا بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی بۆ کۆپا ئەمریکای داهاتوو خۆی ئامادەبکات و پاشانیش مۆندیالی 2026 بکاتە دوایین وێستگەی یارییکردنی بۆ ئەرجەنتین، بەمشێوەیە چوون بۆ سعودیە ئەگەرێکی زۆر لاوازە.
یانەی بارسێلۆنا گرنگی بە گەڕاندنەوەی مێسی دەدات، یاریزانەکە لەو یانەیە مێژووییەکی گەورەی تۆمارکرد و بووە خاوەنی هەموو شتێک و ناوبانگێکی زۆر، زیاتر لە جارێک، سەرۆک، بەڕێوەبەری وەرزشی و راهێنەری بلاوگرانا لە بارەی مێسییەوە قسەیانکردووە و چاڤی بەردەوام پەیوەندیی پێیەوە دەکات، بەڵام بارودۆخی دارایی یانەکە بابەتەکە ئاڵۆز دەکات.
پرسی تۆمارکردنی ناوی چەند یاریزانێک لەسەرووی هەموویانەوە گاڤی، دۆسێیەی نیگرێرا و دانی بەرتیل بە دەستەی ناوبژیوانان، کێشەی زۆری بۆ بارسا دروستکردووە، هەرچەند لیۆ خۆیشی ویستی گەڕانەوەی بۆ یانەکە هەیە، بەڵام ئەگەری هەیە خراپیی دارایی یانەکە هەموو کارەکە لە هەردوولا تێکبدات و دواجار مێسی و بارسا بەیەک نەگەنەوە.
لە ئەگەری گەڕانەوەی مێسی بارسێلۆنا بۆژانەوەیەکی گەورە لە هەموو لایەکەوە بەخۆیەوە دەبینێت، گەڕانەوەی لیۆ مانەوەی بوسکێس لە یانەکەدا مسۆگەر دەکات، هێنانە پێشەوەی سپۆنسەری نوێ بۆ یانەکە دەبێتە دەرگای گەیشتن بە ئابوورییەکی باشتر و کلیلی گەڕانەوەی تیپەکە دەبێت بۆ گەڕانەوە بۆ بارودۆخە ئاساییەکەی و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە گەورەیەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا یانەکەی گرتووەتەوە.
جگە لە هیلال و بارسێلۆنا، یانەی ئینتەرمیامی ئەمریکی، ماوەیەکی درێژە بە سەرۆکایەتی دەیڤد بێکهامی خاوەنی یانەکە دەیەوێت لیۆنێل مێسی بباتە خولی ئەمریکا، بەڵام هاوشێوەی سعودیە، هێشتا ئەستێرە ئەرجەنتییەکە ئەوەی بەخەیاڵدا نەهاتووە وێستگەی یارییکردنی بباتە دەرەوەی ئەوروپا.
هیلال پارەی زۆری هەیە و تەنیا چاوەڕێی یەک ئۆکەی دەکات لە لیۆوە بکرێت، بەڵام نییە، ئینتەرمیامی پارەی هەیە و مێسی رازی نییە، بارسێلۆنا داراییەکی خراپی هەیە، بەڵام خۆشەویستیی مێسی ویستی گەڕانەوەی بۆ ئەو یانەیە زیادکردووە، بەڵام کە پارە نەبوو لە تۆپی پێدا خۆشەویستیش لەنێو دەچێت.
بەمەش ئەگەری هەیە مێسی دواجار بە داواکاریی پاریس سانجێرمان رازی ببێت و گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە بۆ وەرزێکی دیکە یان دوو وەرزی دیکە نوێبکاتەوە و لە خولی فەرەنسادا درێژە بە وێستگەی یارییکردنی بدات.
مێسی لەگەڵ پاریس سانجێرمان لەم وەرزەدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەردەکەوێت، 14 گۆڵ و 14 ئاسیستی لە خولی فەرەنسادا هەیە، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە پارسییەکە لە 30-6-2023 کۆتاییدێت، بەر لە کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی ئەگەری زۆر هەیە جارێکی دیکە و بۆ جاری هەشتەم لە مێژوویدا مێسی لە سەر شانۆی شاتێلێتەوە، باوەش بە باڵۆن دۆردا بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ