رووداو دیجیتاڵ
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری پێشووی یانەی بایەرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی، کە بڕیارە ببێتە راهێنەری یانەی ریال مەدرید، یەکەم کاری لاساییکردنەوەی بارسێلۆنایە و دەیەوێت بەپێی پلانێکی بارسا گەشي بە ریال مەدرید بدات.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی شاهانە، چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری داهاتووی ریال مەدرید یەکەم بڕیاری خۆی وەک راهێنەری مێرینگێ داوە و فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ئەو یانەیەش رازی بووە ئەو کارە بکات.
یانەی بایەرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی بەر لەچەند رۆژێک رۆیشتنی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەرەکەی راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی نزیکەی دوو ساڵ و نیو سەرپەرشتی ئەو یانەیەی کرد.
ناوی ئەلۆنسۆ پەیوەندی بە پۆستی راهێنەری ریال مەدریدەوە هەیە، لە شوێنی کارلۆ ئەنچێلۆتیی ئیتاڵی کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا پۆستەکەی جێدەهێڵێت و سەرکردایەتی هەڵبژاردەی بەرازیل دەکات.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا، یەکەم بڕیاری ئەلۆنسۆ کە دەستبەجێ لەگەڵ دەستبەکاربوونی وەک راهێنەری ریال مەدرید جێبەجێ دەکرێت، هەڵسەنگاندنی یاریزانان و بەهرەکانی تیپە ئەکادیمییەکانی یانەکەیە.
ئەلۆنسۆ ئامانجی چاودێریکردنی یاریزانە لاوەکانی یانەکە و پێدانی هەلە بە هەندێکیان لەگەڵ تیپی یەکەم، ئەمەش بەپشتبەستن بە توانای یاریزانە تازەپێگەیشتووەکانی تیپی لاوانی یانەکە.
ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید هیوادارە ئەزموونی هانزی فلیکی ئەڵمانی لەگەڵ بارسیلۆنا دووبارە بکاتەوە، کە دوای سەیرکردنی تیپی لاوانی یانە کەتەلۆنییەکە ژمارەیەک یاریزانی بەتوانای هێنایە پێشەوە.
فلیک لە سەرەتای وەرزدا بڕیاریدا هەندێک یاریزان لە ئەکادیمیای لاماسیا سەربخات بۆ تیپی یەکەم، وەک مارک بێرناڵ کە وەرزەکەی زوو کۆتاییهات بەهۆی پێکانێکی قورس، لە بەستەرەکانیدا، لەگەڵ مارک کاسادۆ، دانی رۆدریگێز و هیکتۆر فۆرت.
ئەلۆنسۆ هەوڵدەدات خوێنی نوێ بخاتە ناو ریزەکانی ریال مەدریدەوە بۆ ئەوەی هاوسەنگی لەناو تیپەکەدا بگەڕێنێتەوە و ئەنجامەکان باشتر بکات.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن "ئەلۆنسۆ بە پێرێزی گوتووە رێگەم پێبدە وەک هانزی فلیک بکەم، دڵنیام یاریزانی زۆر باش لە کاستیا هەیە و پێویستییان بەدەرفەتە و دەبێت پێیان بگەینین". ئەویش پێیگوتووە "فەرموو بیکە، من رازیم".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ