رووداو هەولێر
فیدراسیۆنی بالەی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاریدا یارییەکانی دوایین وێستگەی خولی بالەی یانە نایابەکان لە شاری بەغدا بەڕێوەببات، بۆ دیاریکردی یانەی پاڵەوانی وەرزی ئەمساڵ.
یارییەکانی قۆناخی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی بالەی عێراق بەشێوازی دوو گردبوونەوەیە، گردبوونەوەی یەکەم لە شارۆچکەی کووفەی پارێزگای کەربەلا بەڕێوەچوو، کە بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە یارییەکانی گردبوونەوەی دووەم لەنێو هۆڵی داخراوی شەعب لە بەغدا دەسپێبکەن و هەریەک لە یانەکانی هەولێر، مەسافی شیمال، شورتە لەگەڵ غازی جنووب بەشدارن.
عەباس هندی، بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی فیدراسیۆنی بالەی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بۆ رووداو ئاشکرایکرد "ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی یارییەکان لەڕووی رێکخستنی کارگێڕیی و ناوبژیوانە نێودەوڵەتییەکان تەواوبوون، دەزانین یارییەکان ئاگرین دەبن، بەهۆی هەستیاریی هەڵوێستی یانەکان لە یەکدی کە دەیانەوێت نازناوی وەرزی ئەمساڵ ببەنەوە".
یانەی مەسافی شیمال 8 خاڵ لە پلەی پێشەنگی ریزبەندی قۆناخی چوارگۆشەی زێرینە و دەیەوێت نازناوی وەرزی ئەمساڵ بباتەوە، یانەی شورتە 8 خاڵی هەیە و لە پلەی دووەمە.
سەلام عەلی، سەرپەرشتیاری بالەی یانەی شورتە لەبارەی پلانی وەرزی ئەمساڵیان بۆ رووداو روونیکردەوە "خاوەن پێکهاتەیەکی بەهێزین و دەمانەوێت ئەمساڵ نازناوەکە ببەینەوە، لەگەڵ راهێنەر بە ووردی خوێندنەوەمان بۆ ئاستی رکابەرەکانمان کردووە ".
دوێنێ تیپەکانی قۆناخی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی عێراق دوایین یەکەی راهێنانیان لەنێو هۆڵی بەڕێوەچوونی یارییەکان ئەنجام دا و رێگاش بە دەزگاکانی راگەیاندن دا بۆ تۆماکردنی ڤیدیۆ و وەرگرتنی لێدوان.
وەرزی رابردوو یانەی غازی جنووب نازناوی خولەکەی بردەوە و یانەی هەولێر لە پلەی دووەم هات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ