رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتین و یانەی ئینتەرمەیامی دەیەوێت یەکێک لە نزیکترین هاوڕێکانی بباتە ئەمریکا و لەوێ بەیەکەوە بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا بکەن.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی پۆرتوگال بڵاویانکردەوە، ئانخێل دیماریا، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بێنفیکا، هاوڕێی نزیکی لیۆنێل مێسی بە یانەکەی گوتووە، لە کۆتایی ئەم وەرزەدا ریزەکانی یانەکە بەجێدەهێڵێت و لەگەڵ یانەکە بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا ناکات.
بەپێی رۆژنامەی ریکۆردی پۆرتوگالی، ئانخێل دیماریا لە پلانەکانی یانەی ئینتەرمەیامی دایە و یانەکە لەسەر داوای لیۆنێل مێسی دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانە واژۆبکات، بەتایبەت کە ئینتەرمەیامی بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا دەکات و دەیەوێت ئەنجامی باش بەدەستبهێنێت.
دیماریا لەگەڵ مێسی لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەیەکەوە یارییانکردووە و بەیەکەوە رۆڵی گەورەیان بینی لە بردنەوەی نازناوی جامی جیهانی 2022، مێسی دەیەوێت هاوشێوەی لویس سوارێز، خۆردی ئەلبار و سێرخیۆ بۆسکێس ئەو یاریزانەش بباتە خولی ئەمریکی.
جگە لە یانە ئەمریکییەکە، چەند یانەیەکی سعودیش گرنگی بە تواناکانی دیماریا دەدەن، بەڵام یاریزانەکە نایەوێت بچێتە خولی سعودی و بە ئەگەری زۆرەوە دەچێتە یانەی ئینتەرمەیامی.
ئانخێل دیماریا تەمەنی 37 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی بێنفیکا لە 30-6-2025 کۆتاییدێت، یاریزانەکە لەم وەرزەدا لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا 38 یارییکردووە، 15 گۆڵی تۆمارکردووە و 9 گۆڵیشی تۆمارکردووە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ