رووداو دیجیتاڵ
یانەی هیلالی سعودی هەواڵێکی خۆشی پێگەیشت، کە هێزێکی زیاتر بە تیپەکە دەدات بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی.
ستافی تەکنیکی یانەی هیلال پێش یارییە مێژووییەکەیان بەرامبەر ریال مەدرید لە قۆناخی یەکەمی جامی جیهانی یانەکانی 2025 هەواڵێکی موژدەبەخشانەی پێگەیشت و تیمی پزیشکیی یانەکە ئامادەباشیی جواو کانسێلۆی بەرگریکاری پۆرتوگالی بۆ یارییەکە راگەیاند.
یانەکە لە رێگەی ئەکاونتی فەرمی خۆیەوە لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند کە کانسێلۆ بە سەرکەوتوویی بەرنامەی چاکبوونەوەی خۆی تەواوکردووە و بەشداری لە راهێنانی تەواوی تیپەکەدا کردووە، ئەویش ئامادەیی جەستەیی و تەکنیکی خۆی بۆ یارییەکە پشتڕاستکردەوە.
ئەکاونتەکە وێنەیەکی مەشقەکانی تیپەکەی بڵاوکردووەتەوە، کە تیایدا کانسێلۆ لەگەڵ هاوڕێکانی سەرقاڵی مەشقە بەکۆمەڵەکانە، ئەمەش نیشانەیەکی ئەرێنییە کە بژاردەکانی سیمۆنی ئینزاگی راهێنەری ئیتاڵی پێش یارییە سەختەکە بەهێزتر دەکات.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 18ـی حوزەیران، یانەی هیلال لە یاریگای هارد رۆک لە شاری مەیامی ئەمریکا، لە یارییەکی سەختدا بەرامبەر یانەی ریال مەدرید یاری دەکات، کە ئەم یارییە بە یەکێک لە دیارترین یارییەکانی قۆناخی یەکەم دادەنرێت و سەرنجی زۆرینەی خەڵک و میدیای جیهانی لەسەر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ