وردەکاریی سکاڵای ریال مەدرید لە ناوبژیوانانی لالیگا، لای فیفا

15-09-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لالیگا یانەی ریال مەدرید هەڵەی ناوبژیوانان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید ئاشکرایکردووە سەرقاڵی ئامادەکردنی دۆسێیەکی تایبەت بەسکاڵایە لەسەر ئاستی ناوبژیوانانی لالیگا، لەبارەی ئەو ناهەقییانەی لە چوار گەڕی یەکەمی وەرزی ئەمساڵی خولەکەدا، یانەکە رووبەڕووی بووەتەوە، تاوەکو بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا)ی بنێرێت.
 
ریال مەدرید دەڵێ دەمانەوێت فیفا ئەوە لەبەرچاو بگرێت کە لە یاریگەکانی ئیسپانیادا روودەدەن.
 
رۆژنامەی 'مارکا'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، "یانەکە دۆسێیەکی ئامادەکردووە کە هەموو حاڵەتەکانی ناوبژیوانانی لە یارییەکانی ماوەی رابردووی یانەکە تێدایە، تاوەکو فیفا بەوردەکارییەوە بزانێت دۆخی ناوبژیوانانی ئیسپانیا چۆنە".
 
رۆژنامەکە دەڵێ، بەرپرسانی ریال مەدرید دەڵێن بەداخین بۆئەوەی لەبری باسی درەوشانەوەی ئێمباپێ، یان یاریی ژمارە 150ی چوامینی لەگەڵ یانەکە بکەین، دەبێ باسی کێشەکانی ناوبژیوانان و خراپیی ئاستیان بکەین.
 
تووڕەییەکانی ریال مەدرید لە ئاستی ناوبژیوانانی لالیگا، لە دوای یاریی یانەکە بەرامبەر ریال سۆسێداد لە هەفتەی چوارەمی خولی لالیگا گەیشتە لووتکە، پاشئەوەی دین هاوسنی بەرگریکەری یانەکە بەکارتی سوور کرایە دەرەوە، بەهۆی فاوڵگرتن لە میکێل ئۆیارزابالی هێرشبەری سۆسێداد، لە کاتێکدا هێشتا ئیدێر میلیتاو لەسەر هەمان هێڵی بەرگری بوو.
 
تووڕەیی یاریزانانی ریال مەدرید زیاتر بەهۆی نەگەڕانەوەی خیل مانزانۆی ناوبژیوانی یارییەکە بوو بۆ ڤار، لە کاتێکدا سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان دەڵێن، ئەو ناوبژیوانە بەهۆی ئەو هەڵەیەوە لە سەرپەرشتیکردنی یارییەکان دووردەخرێتەوە.
 
راپۆرتەکەی ریال مەدرید بۆ فیفا، تەنیا پەیوەست نییە بەوەی لە ماوەی چوار هەفتەی یەکەمی خولەکەدا بەسەر یانەکەدا هاتوون، بەڵکو دۆسێیەکە ئاماژەی بەهەندێک رووداوی دیکەداوە، لەنێویاندا بەڕێوەچوونی یاریی رایۆ ڤاییکانۆ و بارسێلۆنا بەبێ ڤار، هەروەها ئەژمارکردنی لێدانی سزا بۆ لامین یامالی یاریزانی بارسا، بەبێئەوەی شایستەی لێدانی سزا بێت.
 
ریال مەدرید لە سکاڵاکەیدا پێیوایە ئەوە "گوشار خستنە سەر یانەکەیە" لە رووبەڕووبەڕووبوونەوەی ئەو "ناهەقییەی بەردەوام" لێی دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە