عێراق چۆن دەگاتە مۆندیالی 2026؟

15-10-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی هەڵبژاردەی عێراق لەگەڵ سعودیە یەکسانبوو و نەگەیشتە مۆندیالی 2026، پرسیاری سەرەکی لای بەشێکی زۆری هاندەرانی هەڵبژاردەکە، ئەوەیە عێراق چۆن دەگاتە مۆندیال؟
 
لە دووەم یاریی پاشکۆی پاڵاوتنەکاندا، عێراق بەبێ گۆڵ لەگەڵ سعودیە یەکسانبوو، هەردوو هەڵبژاردە بوونە خاوەنی چوار خاڵ و بە جیاوازیی گۆڵ سعودیە گەیشتە مۆندیالی 2026 و هەڵبژاردەی عێراق نەیتوانی بلیتی گەیشتن بە جامی جیهانی مسۆگەر بکات.
 
دوای ئەم یەکسانبوونە عێراق چۆن دەگاتە مۆندیالی 2026؟
 
هەڵبژاردەی عێراق دوو یاریی دیکەی پاشکۆ بەرامبەر ئیمارات دەکات، یاریی یەکەم 13-11 لە ئیماراتە و یاریی دووەم 18-11 لەنێو یاریگەیەکی عێراق بەڕێوەدەچێت، کە بە ئەگەری زۆرەوە لە بەسرە دەبێت، براوەی یارییەکەیان دەگاتە قۆناخی کۆتایی پاشکۆی پاڵاوتنەکان کە 6 هەڵبژاردە تێیدا بەشدار دەبن.
 
هەڵبژاردە بەشدارەکانی قۆناخی کۆتایی پاشکۆی هەموو جیهان بۆ گەیشتن بە مۆندیال بەمشێوەیە دەبێت، هەڵبژاردەی بۆلیڤیا وەکو نوێنەری کیشوەری ئەمریکای باشوور، دوو هەڵبژاردە لە ئەمریکای باکوور کە هێشتا یەکلانەبوونەتەوە، هەڵبژاردەیەک لە ئاسیا لەنێوان عێراق و ئیماراتدا یەکلادەبێتەوە، لەگەڵ هەڵبژاردەیەکی ئەفریقا و هەڵبژاردەی کالیدۆنیای نوێ وەکو نوێنەری ئوقیانۆس بەشدار دەبن.
 
یارییەکانی ئەم قۆناخەی پاشکۆی پاڵاوتنەکان لە مانگی 3ـی ساڵی داهاتوو لە یاریگەیەکی بێلایەندا بەڕێوەدەچن، کە بەپێی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان بێت لە مەکسیک دەکرێن.
 
چوار هەڵبژاردە لە کۆی شەش هەڵبژاردەی بەشدار کە خاوەنی نزمترین پلەی ریزبەندین لە فیفا لە قۆناخی پێشکۆتاییدا رکابەریی یەکدی دەکەن، دوو هەڵبژاردەی خاوەنی بەرزترین ریزبەند دەگەنە قۆناخی کۆتایی، دوای ئەوە دوو یاریی دیکە دەکرێن و براوەی هەردوو یارییەکە دەگەنە مۆندیالی 2026.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە