رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا، وردەکاریی نوێیان لەبارەی رووداوی شەڕەچەقۆکەی مونیر نەسڕاوی، باوکی لامین یامال بڵاوکردەوە کە زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر روویدا.
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، کێشە و ناکۆکییەکە بەهۆی کاری منداڵێکەوە روویداوە و نزیکبوو لەوەی سەربکێشێت بۆ کوشتنی باوکی ئەستێرە لاوەکەی بارسێلۆنا.
مانگی هەشتی ساڵی رابردوو، مونیری باوکی لامین، لە شاری ماتارۆی ئیسپانیا، چەند چەقۆیەک لە جەستەی دران، بەهۆیەوە بەبرینداری و لە دۆخێکی خراپدا گەیەنرایە نەخۆشخانە.
دوای رووداوەکە پۆلیس لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد، یەکێک لەوانەی پۆلیس قسەی لەگەڵ کردوون رایگەیاندووە، ئەوانەی چەقۆیان لە باوکی لامیندا، مەبەستیان کوشتنی بوو.
بەپێی ئەوەی شایەتحاڵەکان بەپۆلیسیان راگەیاندووە، کێشەکە کاتێک دروست بووە کە منداڵێک، لەبالکۆنی ماڵێکەوە، سەتڵێک ئاوی کردووە بەسەری باوکی لامیندا، ئیدی دواتر کێشەکە گەورەبووە و بەلێدانی سێ چەقۆ لە مونیر کۆتایی هاتووە.
رۆژنامەی 'مارکا' دەڵێ، نەسڕاوی لەماوەی رابردوودا لەچوارچێوەی لێکۆڵینەوەی پۆلیسدا چووەتە دادگای ماتارۆ، بەڵام وەک قوربانیی نەک تۆمەتبار.
پارێزەری چەقۆوەشێنەکە گوتوویەتی، تۆمەتبارەکە لەلایەن هاوڕێیەکی مونیرەوە بەر بۆکس دراوە و لووتی شکێنراوە، هەربۆیە ئەویش چەقۆی لە هاوڕێکەی مونیر وەرگرتووە و سێ چەقۆی لە مونیر داوە.
بەپێی دۆسێی لێکۆڵینەوەکەی پۆلیس، رووداوەکە کاتێک روویداوە، کە باوکی لامین بە شەقامی 'فرانک مارشا' لە ناوچەی راکوڤۆندا، لە شاری ماتارۆ رۆیشتووە و منداڵێک لە نهۆمی سێیەمی بالکۆنی ماڵێکەوە، تەشتێک ئاوی بەسەریدا کردووە، دواتر کەسوکاری منداڵەکە هاتوونەتە سەر شەقامەکە و لەگەڵ نەسڕاویدا بووەتە دەمەقاڵەیان.
باوکی لامین بەپۆلیسی گوتووە، ناکرێ ئەوە رووبدات. من بەرێگەی خۆمدا دەڕۆیشتم و لەناکاو ئاویان کرد بەسەرمدا.
بەپێی دۆسێیەکە، دوای ئەوە، نەسڕاوی ئەو ناوچەیەی بەجێهێشتووە و گەڕاوەتەوە ماڵەوە، لەوێ دوو هاوڕێی خۆی بینیوە و رووداوەکەی تێگەیاندوون، هەربۆیە شەوی هەمان رووداو، لەگەڵ دوو هاوڕێکەیدا چوونەتەوە پارکی یاریگەی ناوچەکە و لەوێ رووبەڕووی کەسوکاری منداڵەکە بوونەتەوە، کە پێکهاتوون لە دوو برای و باوکیان و هاوڕێیەکی خێزانەکە و بەچەقۆ و بەردی گەورەوە چاوەڕێیان کردوون.
شایەتحاڵێک بەپۆلیسی گوتووە، کەسێک لە خێزانی منداڵەکە، دوو یان سێجار چەقۆی لە سینگی مونیرداوە و ویستوویەتی بیکوژێت.
شایەتحاڵەکە کە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیەوە رووداوەکەی بینیوە گوتوویەتی، یەکێکیان دەیویست بیکوژێت، ئەو شێتانە چەند چەقۆیەکی لێدا، وەکئەوەی لە ئاژەڵێک بدات، ئەو دەیویست بیکوژێت.
چەقۆوەشێنەکە لەلایەن پۆلیسەوە وەک تۆمەتبار ناسێنراوە، بەڵام لەگەڵ بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکاندا ئازادکراوە و سوورە لەسەرئەوەی مونیر دەستپێشخەر و هۆکاری شەڕەکە بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ