"لەداخی لامین دەمرن"

18-07-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لامین یامال مونیر نەسراوی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

باوکی لامین یامالی ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا هۆشداری دەداتە ئەوانەی بەخراپە باسی کوڕەکەی دەکەن و دەڵێت "هەرکەسێک بەخراپە باسی کوڕەکەم بکات، دەبێت ئاگاداری خۆی بێت". هەروەها دەڵێت "کوڕەکەم هەڵەی کردبا لێم قبوڵ نەدەکرد، بەڵام هیچ هەڵەی نەکردووە".
 
لامین یامال، ئەستێرە لاوەکەی بارسێلۆنا رۆژی چوارشەممەی رابردوو ئاھەنگی بەبۆنەی واژۆکردنی گرێبەستێکی نوێی لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە گێڕا، کە تاوەکو ھاوینی 2031 درێژ دەبێتەوە، بەمەش بووە یەکێک لەو یاریزانانەی کە بەرزترین مووچەیان ھەیە لە تیپی یەکەمدا، سەرەڕای ئەوەی کە تازە گەیشتووەتە تەمەنی 18 ساڵی.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، ئاھەنگی 18ـەمین ساڵیادی لەدایکبوونی، کە شەوی شەممە بەڕێوەچوو، بووە مانشێتی ھەواڵەکان لە ئیسپانیا، نەک بەھۆی کەشی ئاھەنگگێڕانەکەوە، بەڵکو بەھۆی ئەو مشتومڕەی کە ئاھەنگەکە دروستی کرد.
 
بڕگەیەکی کات بەسەربردن لە ئاھەنگەکەدا، کە چەند کەسێکی کورتەباڵای بەکڕێ گرتبوو، بووە ھۆی شەپۆلێکی بەرفراوانی رەخنە، کاتێک کۆمەڵەی ئیسپانی بۆ بەرگری لە کورتەباڵاکان ADEE نیازی خۆی بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی دژی یامال راگەیاند و ئەوەی روویداوە بە "دەستدرێژی بۆ سەر کەرامەتی ئەم توێژە لە خەڵک" لە قەڵەم دا.
 
یامال لە لێدوانێکی کورتدا وەڵامی مشتومڕەکەی دایەوە و گوتی "من لە بارسێلۆنا کاردەکەم و بۆ بارسێلۆنا یاری دەکەم. کاتێکیش لەدەرەوەی یاریگام، چێژ لە ژیانی خۆم وەردەگرم، ئەوە ھەموو شتێکە".
 
لەلای خۆیەوە، باوکی یاریزانەکە، مونیر نەسراوی، بەتووندی بەرگری لە کوڕەکەی کرد لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی 'یۆرۆپا پرێس' رەخنەکانی بەوە وەسفکرد کە لە "ئیرەیی"ـەوە سەرچاوەیان گرتووە.
 
نەسراوی گوتی "خەڵک سەیری خۆیان ناکەن، بەڵکو لە دوورەوە چاودێری کەسانی دیکە دەکەن، پاشان لە داخان دەمرن. ئەمە کێشەی ئەوانە".
 
هەروەها گوتیشی "ھەرکەسێک بەخراپە باسی کوڕەکەم بکات، دەبێت ئاگاداری خۆی بێت؛ چونکە لامين مەزنترین شتە کە من ھەمە و پێشموایە مەزنترین شتە کە جیھانی تۆپی پێ بەرهەمی هێناوە".
 
نەسراوی جەختی لەوە کردەوە کە کوڕەکەی ھیچ ھەڵەیەکی نەکردووە کە شایەنی داوای لێبوردن بێت و روونیکردەوە "ئەگەر ھەڵەی کردبا، من یەکەم کەس دەبووم سەرزەنشتم دەکرد، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە ھیچ شتێکی ھەڵەی نەکردووە".
 
سەرەڕای ئەو ژاوەژاوە میدیاییە، یامال پابەندیی پیشەیی خۆی پاراست، کاتێک رۆژی یەکشەممەی رابردوو گەڕایەوە بۆ مەشقەکانی پێش وەرز و رۆژی پێنجشەممە بەشداری لە دوو یەکەی مەشقکردندا کرد، ئەمەش لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانیدا لەگەڵ بارسێلۆنا بۆ وەرزی نوێ، کە تێیدا ئەم ئەستێرە لاوە چاوی لەوەیە بەردەوام بێت لە درەوشانەوەی دوای وەرزێکی نایاب کە وایلێکرد ببێتە یەکێک لەدیارترین بەھرەمەندەکانی جیھانی تۆپی پێ.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە