رووداو دیجیتاڵ
یانەکانی پەندیک و ئیدر یەکسان بوون و بەو جۆرەش ئامەدسپۆر بە جیاوازیی دوو خاڵ لە پێشەنگی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا مایەوە.
لە هەفتەی 17یەمی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیادا، یانەی ئامەدسپۆر کە تاکە نوێنەری ئامەدی باکووری کوردستانە لەو خولەدا، میوانداریی یانەی باندرماسپۆری کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی 2-1 لێ بردەوە.
ئامەدسپۆر بەم ئەنجامە کۆی خاڵەکانی لە کۆی 17 یاریدا گەیاندە 35 خاڵ و بە شێوەیەکی کاتی چووە پلەی یەکەم.
لەکاتێکدا یانەی پەندیک هاوشێوەی ئامەدسپۆر یارییەکی مابوو و ئەگەر سێ خاڵی بەدەستبهێنایە، کۆی خاڵەکانی دەبووە 35 و پلەی یەکەمی لە ئامەدسپۆر وەردەگرتەوە.
رۆژی یەکشەممە 14-12-2025 یانەی ئیدری باکووری کوردستان توانی یانەی پەندیک لە سەرکەوتن بوەستێنێت و یارییەکە بە گۆڵیک بۆ هەردوولا کۆتایی هات. بەم شێوەیە یانەی پەندیک تەنیا خاڵێکی بەدەستهێنا؛ کۆی خاڵەکانی بووە 33 و لە پلەی دووەم مایەوە.
ئەگەر ئامەدسپۆر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ساڵی داهاتوو دەچێتە خولی (نایابەکان) سوپەرلیگی تورکیا و لەگەڵ یانەکانی گاڵاتاساری، فەنەرباخچە، بێشکتاش و یانە بەناوبانگەکانی تورکیا یاری دەکات.
ئێستا لە کۆی 20 تیپی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا کە 17 یارییان کردووە، ئامەدسپۆر بە کۆکردنەوەی 35 خاڵ پلەی یەکەمی گرتووە. یانەی پەندیکسپۆر بە کۆکردنەوەی 33 خاڵ پلەی دووەم و یانەی ئەسەنلەر ئیکۆسپۆر بە 32 خاڵ پلەی سێیەمی گرتووە.
یانەی ئامەدسپۆر
یانەی ئامەدسپۆر ساڵی 1972 دامەزراوە و درێسەکەی تێکەڵەی رەنگەکانی (سوور - سەوز - سپی)یە سەرەتا لە ژێر ناوی مەلیک ئەحمەد تورام سپۆر بەشداری لە خولە میللـیەکانی ئامەد دەکرد.
ساڵی 1990 یانەکە لەلایەن شارەوانیی ئامەدەوە کڕدرا و ناوەکەی بۆ (یانەی شارەوانیی دیاربەکر) گۆڕدرا.
رۆژی 28-10-2014 لە کۆنگرەیەکدا ناوی یانەکە گۆڕا بۆ ئامەدسپۆر.
ساڵی 2006-2007 توانی لە خولی پلە سێ خۆی بگەیەنێتە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا.
وەرزی 2024-2025 لە خولی یانە پلەدووەکاندا یەکەم بوو و خۆی گەیاندە خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا.
ئێستا پێشەنگی یانە پلەیەکەکانی گرتووە و رکابەری بۆ گەیشتن بە خولی یانە نایابەکانی تورکیا دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ