عوسمان دێمبێلی بڕیاری کۆتایی دا

16-01-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن عوسمان دێمبێلی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

عوسمان دێمبێلی، یاریزانی فەرەنسی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بڕیاری کۆتایی خۆی لەسەر داهاتووی لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە داوە.
 
دوای زنجیرەیەک دانوستاندن لەگەڵ کارگێڕیی یانەکەی، عوسمان دێمبێلی لەگەڵیاندا نەگەیشتە هیچ ئەنجامێک، بۆیە بڕیاری کۆتایی خۆی بە کارگێڕیی بارسا راگەیاندووە.
 
بەگوێرەی هەندێک سەرچاوەی نزیک لە یانەی کەتەلۆنی، دێمبێلی بە بەرپرسانی بارسێلۆنای گوتووە گرێبەستەکەی نوێناکاتەوە و لە کۆتایی ئەم وەرزەدا ریزەکانی جێدەهێڵێت، لەبەرئەوەی بە دەستەوارەکانی بارسا رازی نییە.
 
ئەو سەرچاوانە باس لەوەش دەکەن کە عوسمان نایەوێت لەم زستانەدا بڕوات، بەڵکو دەیەوێت تاوەکو 30ـی مانگی شەشی داهاتوو چاوەڕێ بکات، بۆ ئەوەی بەبێ بەرامبەر بڕوات.
 
عوسمان دێمبێلی پێیوایە ئەو شایەنی گرێبەستێکی گرانبەهایە لەگەڵ بارسێلۆنا، چونکە ئەو یاریزانێکی بەتوانایە و چەندین دەستەوارەی لە یانە گەورەکانی ئەوروپاوە بۆی هاتووە.
 
ئەو سەرچاوانە، دەڵێن "دێمبێلی داوای 200 ملیۆن یۆرۆ لە بارسا دەکات لە بەرامبەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ ماوەی 5 وەرز، لەگەڵ دانی 20 ملیۆن یۆرۆ بە بەڕێوەبەری کارەکانی و 20 ملیۆن یۆرۆی دیکەش بۆ خۆی، کە ئەمانە ژمارەی خەیاڵین و لەم بارودۆخە زەحمەتەدا بارسێلۆنا ناتوانێت دابینیان بکات".
 
سەرەڕای رێکنەکەوتنی بارسێلۆنا و دێمبێلی، ئەو یاریزانە هێشتا جێگەی متمانەی چاڤی هێرناندێزی راهێنەرە و بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی پێدەبەستێت، کە دوایین بەشداریشی لە یاریی کلاسیکۆی جامی سوپەری ئیسپانیا بوو، عوسمان لەو یارییەدا ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد، سەرەڕای ئەوەی یانەکەی بە ئەنجامی 2-3 بە ریال مەدرید دۆڕا و ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکەدا کرد.
 
هەندێک لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە بەریتانیا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئێستا هەر پێنج یانەی مانچێستەر یونایتد، چێڵسی، لیڤەرپوول، تۆتێنهام و نیوکاسڵ هاتوونەتەوە سەر هێڵ بۆ گواستنەوەی عوسمان دێمبێلی.
 
هەروەها میدیای ئیتاڵیاش باس لەوە دەکات کە یانەی یوڤێنتوسیش هەوڵدەدات ئەو یاریزانە فەرەنسییە بگوازێتە ریزەکانی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە