رووداو دیجیتاڵ
یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، لەسەر رێکخستنەوە و بەهێزکردنی یانەکەی بۆ وەرزی نوێ بەردەوامە و لە گواستنەوەی رۆدریگۆی بەرازیلی و ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید نزیکدەبێتەوە.
ماوەیەکی زۆرە ناوی رۆدریگۆ بە یانەی لیڤەرپوولەوە بەستراوەتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی یاریزانەکە لە مۆندیالی یانەکاندا گرنگییەکی وای پێنەدرا و لەلایەن چابی ئەلۆنسۆوە یاریی پێنەدەکرا.
لە پێشهاتێکی نوێدا راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا دەڵێن، رۆدریگۆ لە دەرەوەی پلانەکانی چابی ئەلۆنسۆیە و یاریزانەکەش دەیەوێت لە یانەکە بڕوات، بەڵام بەرزی نرخی یاریزانەکە بەربەستە لەبەردەم ئەنجامدانی گرێبەستەکەدا.
میدیای بەریتانیا دەڵێت "100 ملیۆن یۆرۆ لەم گواستنەوەیەدا بۆ لیڤەرپوول زۆرە، لەکاتێکدا گرێبەستی گرانبەهای لەگەڵ فلۆریان ڤیرتز بەرامبەر 150 ملیۆن یۆرۆ کردووە و بۆ گواستنەوەی کیرکیزی و فریمپۆنگیش 75 ملیۆن یۆرۆی خەرجکردووە."
رێدز هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی یاریزانە بەرازیلییەکە خێراتر دەبن، لە ئەگەری رۆیشتنی لویس دیاز لە یانەکە، لەکاتێکدا ماوەیەکی زۆرە ناوی ئەو یاریزانە بە هەردوو یانەی بایرن میونشن و بارسێلۆناوە بەستراوەتەوە، میدیای ئەڵمانیا دەڵێت "یاریزانەکە لەگەڵ ڤینسێنت کۆمپانی، راهێنەری یانە ئەڵمانییەکە قسەیکردووە و رەزامەندیی پێشانداوە بۆ ئەوەی پەیوەندی بەو یانەیەوە بکات."
جگە لە لیڤەرپوول هەردوو یانەی ئارسیناڵ و چێڵسیش چاویان لە تواناکانی رۆدریگۆیە، بەڵام ئێستا لیڤەرپوول لەپێش ئەو دوو یانەیەوەیە بۆ رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی تواناکانی یاریزانەکە.
یانەی لیڤەرپوول دوای بردنەوەی پرێمەرلیگی وەرزی رابردوو، دەیەوێت لە وەرزی نوێدا پێکهاتەیەکی بەهێزی هەبێت بۆ رکابەریکردن لەسەر ئاستی ناوخۆ و ئەورووپا، بۆ ئەوەش تاوەکو ئێستا سێ گرێبەستی لەگەڵ فلۆریان ڤیرتز، جێریمی فریمپۆنگ و میلۆش کێرکێز راگەیاندووە و دەیەوێت گرێبەستی داهاتووی رۆدریگۆ بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ