چۆن بلیتی مۆندیالی 2026 بەدەستدەهێنیت؟ فیفا لینکی فەرمی راگەیاند

16-07-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن مۆندیال
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

فیفا، بە فەرمی وادەی دەستپێکردنی فرۆشتنی بلیتی یارییەکانی مۆندیالی 2026ـی راگەیاند، کە بڕیارە لە سێ وڵاتی ئەمەریکا، مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەبچێت.

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمی، یەکەم قۆناخی داواکردنی بلیتەکان لە رۆژی 10ی مانگی نۆی داهاتووەوە دەستپێدەکات. فیفا داوا لە هاندەران دەکات سەردانی ماڵپەڕی فەرمیی خۆیان بکەن و هەژمارێکی تایبەت (FIFA ID) دروستبکەن، کە بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی کڕینی بلیتەکان پێویستە.

مۆندیالی 2026 بە گەورەترین مۆندیالی مێژوو دادەنرێت، کە بۆ یەکەمجار 48 هەڵبژاردە بەشداریی تێدا دەکەن و 104 یاریی تێدا ئەنجام دەدرێت. پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 6.5 ملیۆن هاندەر ئامادەی یارییەکان بن.

جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، رایگەیاند: "چاوەڕوانییەکان بۆ مۆندیالی 2026 لە بەرزبوونەوەدان. هانی هاندەران لە هەموو جیهان دەدەین خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەوەی یەکێک لە خوازراوترین بلیتەکانی جیهانی وەرزش بەدەستبهێنن."

پرۆسەی فرۆشتنی بلیتەکان لە چەند قۆناخێکدا دەبێت و تاکە سەرچاوەی فەرمی بۆ کڕینی بلیتەکان ماڵپەڕی FIFA.com/ticketsـە. فیفا هۆشداری دەدات کە ئەو بلیتەی لە رێگەی نافەرمییەوە بکڕدرێت، رەنگە کارا نەبێت. هەروەها، هەبوونی بلیت مەرج نییە بۆ چوونە ناو وڵاتانی میواندار، بۆیە پێویستە هاندەران پێشوەختە مەرجەکانی ڤیزا و سەفەرکردن بزانن.

یارییەکانی مۆندیال لە 11ی شەش لە مەکسیکۆ سیتی دەستپێدەکەن و یاریی کۆتاییش لە 19ی مانگی حەوت لە یاریگای مێتلایف لە نیوجێرزی بەڕێوەدەچێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە