رووداو دیجیتاڵ
لامین یامال، یاریزانی ئیسپانی بەڕەچەڵەک مەغریبی، هێرشبەری یانەی بارسێلۆنا، کە بە یەکێک لە باشترین ئەستێرەکانی نوێی تۆپی پێی جیهان دادەنرێت، بەجۆرێک کە چاودێران و شارەزایان بە ئەستێرەی ئەرجەنتینی لیۆنێل مێسی بەراوردی دەکەن.
لامین یامال لە هێڵی هێرشبردنی باڵی راست یاری دەکات و بە گۆڵکار و دروستکەری یاری دادەنرێت؛ تاوەکو ئێستا 31 گۆڵی تۆمارکردووە و 36 ئەسیستی لە 130 یارییدا لەگەڵ بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا پێشکێش کردووە.
لامین لە تەمەنی 18 ساڵیدایە و هێشتا ساڵانێکی زۆر لەبەردەم ئەستێرە ئیسپانییەکەدایە بۆ گەیشتن بەو ئاستانەی کە بەراوردکردنی لەگەڵ دوو ئەستێرە گەورەکە، لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی، یاریزانی ئێستای ئینتەرمەیامی و کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی، کاپتنی ئێستای یانەی نەسڕی سعودی، بکاتە کارێکی رەوا.
ئەستێرە پۆرتوگالییەکە بەو یاریزانە دادەنرێت کە زۆرترین گۆڵی فەرمی لە مێژووی تۆپی پێدا تۆمارکردووە بە 938 گۆڵ و بەمەش لەپێش ئەستێرە ئەرجەنتینییەکەوەیە کە 874 گۆڵی هەیە.
لامین یامال پێویستی بە چەندین ساڵی دیکە هەیە بۆ ئەوەی بگات بە ژمارەی گۆڵەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ؛ چونکە ئێستا لەماوەی دوو وەرزدا 31 گۆڵی تۆمارکردووە و پێویستە تێکڕای گۆڵەکانی لە وەرزێکدا بەرزبکاتەوە.
لە ئەگەری ئەوەی بۆ ماوەی 20 ساڵی داهاتوو، بەتێکڕایی 40 گۆڵ لە وەرزێکدا تۆماربکات، کاتێک دەگاتە تەمەنی 38 ساڵی، کۆی گشتی گۆڵەکانی دەبێتە 831 گۆڵ، کە هێشتا 107 گۆڵ لە ئەفسانە پۆرتوگالییەکە و ئەستێرەی نەسڕ کەمترە.
هەروەها بەتێکڕایی 40 گۆڵ لە وەرزێکدا ناتوانێت پێش نموونە باڵا ئەرجەنتینییەکەی، لیۆنێل مێسی بکەوێتەوە، کە تاوەکو ئێستا 874 گۆڵی فەرمی لە کاروانی وەرزشیدا تۆمارکردووە.
بۆ ئەوەی پێش ئەفسانە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بکەوێت، لامین یامالی گەنج پێویستی بە تێکڕایی نزیکەی 50 گۆڵ لە وەرزێکدا دەبێت بۆ ماوەی 20 ساڵ، تاوەکو بگاتە 1031 گۆڵ؛ ئەمەش ئەرکێکی نزیکە لە مەحاڵ، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە یاریزانە گەنجەکە وەک باڵ یاری دەکات نەک هێرشبەری سەرەڕم، هەروەها لەبەرئەوەی زیاتر بە دروستکەری یاری دادەنرێت.
هەروەها، ئەو شێوازەی 'هێرشبەری شاراوە' کە پێپ گواردیۆلای ئیسپانی لە بارسێلۆنا دایهێنا، چیدی لە تۆپی پێی مۆدێرندا بەشێوەیەکی بەهێز بوونی نەماوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ