ئەنچیلۆتی: کلاسیکۆ یاریی ژیان و مردن نییە

16-10-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچیلۆتی کلاسیکۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، رەتیدەکاتەوە یاریی کلاسیکۆی ئەمجارە یاریی مان و نەمان بێت، دەشڵێت "بارسێلۆنا لە لالیگادا تیپێکی سەرسوڕهێنەری هەیە.
 
ئەمڕۆ کاژێر 17:15 بە کاتی باشووری کوردستان، ریال مەدرید لە گەڕی نۆیەمی لالیگادا و لە یاریی کلاسیکۆدا لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ برنابیۆدا میوانداری بارسێلۆنا دەکات.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "ئەمە یاریی ژیان و مردن نییە. بەڵێ یارییەکی تایبەتە، کلاسیکۆیە، بەڵام وەرزەکە زۆر درێژە و کاتی ئەم یارییە زووە، بێگومان دەمانەوێت بیبەینەوە، چێژێکی زۆری لێوەردەگرین لەبەر ئەم هۆکارە. ئێمە زۆر بە هیواین کە بەشێک بین لەم یارییە جوانە".
 
کارلیتۆ پەسنی بارسێلۆناشی دا و گوتی "ئەوان تیپێکن هەر لە سەرەتاوە لە خولەکەدا ئاستێکی باشیان پێشکەش کردووە، لە چامپیۆنزلیگدا هەندێک کێشەیان هاتووەتە پێش، ئەوەش ئاساییە کێشەیان هەبێت، بەڵام لە لالیگادا بەڕاستی ئاستێکی باشیان هەیە و تیپێکی سەرسوڕهێنەرن".
 
سەبارەت بە کەریم بنزیما؟ راهێنەری ریال مەدرید گوتی "لەم هەفتەیەدا ئەوم باشتر بینیوە، زۆر باشتر بووە، دڵنیام سبەی کەریمە راستەقینەکە دەبینین".
 
دواجار باسی کۆرتوای گۆڵپارێزیشی کرد و دووپاتیکردەوە کە ناتوانێت بەشداری لە کلاسیکۆدا بکات و گوتی "کۆرتوا باشە، باشە، بەڵام بەپێی پێویست راهێنانی نەکردووە و هەست بە ئاسوودەیی ناکات، بۆ ئەم یارییە ئامادە نییە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە