هالاند دەیەوێت بۆ یەکەمجار بگاتە مۆندیال

16-11-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئێرلینگ هالاند پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئێرلینگ هالاند و هەڵبژاردەی نەرویج لەبەردەم هەلێکی گەورە و مێژووییدان بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار لە دوای 27 ساڵ هەڵبژاردەکەیان جارێکی دیکە بەشداری لە مۆندیالدا بکاتەوە.
 
لە دوایین گەڕی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالدا و لە کۆمەڵەی نۆیەمدا، کاژێر 22:45 هەڵبژاردەی نەرویج لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ئیتاڵیا یاری دەکات، بۆ تەواوکردنی رێگەکەی بەرەو مۆندیالی 2026.
 
نەرویج لە پاڵاوتنەکاندا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتووە و لە 7 یاریی رابردوودا هەموو یارییەکانی بردووتەوە، 33 گۆڵی تۆمارکردووە و تەنیا 4 گۆڵی لێکراوە، بەبردنەوە، یەکسانبوون و دۆڕان بە کەمتر لە 9 گۆڵی بێبەرامبەر هەڵبژاردەکە راستەوخۆ دەگاتە مۆندیال.
 
نەرویج لە مێژوویدا 3 جار بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە، لە 1938، 1994 و 1998، لە ئەگەری سەرکەوتنی لە یارییەکەی ئەمشەودا، هەڵبژاردەکە بۆ یەکەمجار لە دوای 27 ساڵ بەشداری لە گەورەترین پاڵەوانێتی جیهاندا دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا یەکەم بەشداریکردنی ئێرلینگ هالاند دەبێت لە مۆندیالدا.
 
هەڵبژاردەی ئیتاڵیا پێویستیی بە بردنەوەیەکی زۆر گەورە و مێژوویی هەیە بۆ ئەوەی بەشێوەی راستەوخۆ بگاتە مۆندیالی 2026، کاتێک بەرامبەر نەرویج یاری دەکات.
 
لە یاریگەی سانسیرۆ ئیتاڵیا میوانداریی هەڵبژاردەی نەرویج دەکات و دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی دەست بەو هیوایە کەمەوە بگرێت کە بۆ گەیشتن بە مۆندیال بەشێوەی راستەوخۆ هەیانە.
 
ئازوری لە یاریی یەکەمیدا بەرامبەر نەرویج بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕا، ئیتاڵیا دەیەوێت سوود لە یاریگەی خۆی وەربگرێت بۆ ئەوەی هیچ نەبێت قەرەبووی ئەو دۆڕانە بکاتەوە و ژمارەی خاڵەکانی لەگەڵ نەرویج یەکسانبکاتەوە.
 
لەو کاتەوەی گاتوسۆ بووەتە راهێنەری ئیتاڵیا، هەڵبژاردەکە خۆی رێکخستووەتەوە و شەش یارییان بردووەتەوە، تیپەکە لە پاڵاوتنەکاندا تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە و ئەویش بەرامبەر نەرویج بووە.
 
ئیتاڵیا لە دوو مۆندیالی رابردوودا نەیتوانی سەربکەوێت و بەشداریی نەکرد، ئێستاش جگە لە بردنەوە بە 9 گۆڵی بێبەرامبەر هەڵبژاردەکە بە راستەوخۆ سەرناکەوێت و پێویستە قۆناخێکی دیکەی پاشکۆی پاڵاوتنەکان ببڕێت بۆ ئەوەی سەربکەوێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە