کلاسیکۆی ئینگلتەرا لە ئێف ئەی کەپ، مانچێستەر یونایتد و لیڤەرپوول کۆدەکاتەوە

17-03-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ئێف ئەی کەپ مانچێستەر یونایتد لیڤەرپوول
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وێستگەیەکی قورسی سەرەڕێی گەیشتن بەچوارگۆشەی زێڕینی ئێف ئەی کەپ، کلاسیکۆی ئینگلتەرا دەبێت و ئەمشەو لە شانۆی خەونەکاندا، مانچێستەر یونایتد و لیڤەرپوول بەیەکدەگەن.
 
هەموو کات، رکابەریی نێوان ئەو دوو یانە زەبەلاحەی ئینگلتەرا، سەرنجڕاکێش و پڕ لە رووداوی دراماتیکی و هێز پێشاندانی رکابەرەکان بووە بەرامبەر یەکدی، بەڵام ئەمجارە بۆ هەر یەک لە دوو لایەنەکەی یارییەکە، مانای بەردەوامبوون و چوونە پێشەوەی هەنگاوێکی دیکەیە لە جامێکدا، کە ویست و داخوازیی هاندەرانی هەردوو یانەیە.
 
لیڤەرپوول ئەگەر 'ئێف ئەی کەپ'یشی لەدەست دەربچێت، هێشتا لەبەرەکانی دیکەدا توانای رکابەریی لەسەر نازناوەکان ماوە، بەڵام وەرزی کۆتایی کارکردنی کڵۆپ لەگەڵ یانەکە، پاڵنەرە بۆخۆی و بۆ یاریزانەکانی تاوەکو هەنگاوێکی دیکە لە نووسینەوەی کۆتاییە ئەفسانەییەکەی ئەو راهێنەرە لەگەڵ یانەکە، نزیکببنەوە.
 
رێدز لە ئاستێکی بەرەو سەردایە، پێکانە زۆرەکانی یاریزانانی تیپەکە، نەبوونەتە رێگر لەوەی یانەکە بەڕیتمێکی جێگیرەوە و بەردەوام باشتر لە هەفتەی پێشووی خۆی، لە یارییەکاندا دەربکەوێت، هەر ئەو راستییە وایکردووە پێشبینی بکرێت تیپەکە لەم یارییەدا لە دوایین رووبەڕووبوونەوەی یونایتد باشتر دەربکەوێت کەبەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
 
یۆرگن کلۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول، لەبارەی یارییەکەوە دەڵێ، "نازانم ئەمجارەش دەتوانین هەمان یارییان بەرامبەر بکەینەوە یان نا، بۆ ئێمە یارییەکەی پێشوو یارییەکی باش بوو. دەمەوێت ئەم یارییە ناوبنێنم سەرەتای گەیشتنمان بەئاستێکی بەرزتر، بەڵام کاتێک دەگەیتە ئاستێک لە وەرزەکەدا، پێموایە هێشتا کەمە، ئەگەرچی ئێمە باشین و زۆر یارییمان نەدۆڕاندووە. تەنیا یەکجار دۆڕاوین، ئەوەش لەبەرئەوەبوو کە ئێمە دەبوو بەسەر زۆر شتدا زاڵبین، وەک کارتە سوورەکان کە وایکرد ئێمە هەست بەکوالیتی خۆمان نەکەین، بەڵام لە یارییەکەی مانچێستەردا ئەوەمان بۆ دەرکەوت و دڵنیابووینەوە لە کوالیتی خۆمان، ئەگەرچی ئەنجامەکە بەدڵی ئێمەش نەبوو".
 
مانچێستەر یونایتد وەک یانە لە دۆخێکی باشدا نییە و ئێریک تێن هاگی راهێنەریشی بەهەمان شێوە. ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن کە ئەمە دوا وەرزی کارکردنی ئەو راهێنەرە دەبێت لەگەڵ یونایتد، بەڵام دەکرێ بەردەوامبوون لە ئێف ئەی کەپ و بردنەوەی نازناوەکە، هەموو شت لەبارەی چارەنووسی راهێنەرە هۆڵەندییەکەوە بگۆڕێت.
 
بۆ ئێریک تێن هاگ، کە تیپەکەی لە یاریگەی خۆیدا یارییدەکات، هەواڵی خۆش هەبوو لەبارەی گەڕانەوەی بەشێک لە یاریزانە پێکراوەکانی تیپەکەوە، ئەو دەڵێ، "لە مەشقەکاندا هەفتەیەکی باشمان هەبوو، یاریزانە پێکراوەکانمان گەڕانەوە و مەشقیان کرد، لە دوایین یەکەی مەشقدا هەمووان ئامادەبوون. تۆم هیتۆن گەڕاوەتەوە و دۆخی باشە، هەروەها مەیسن ماونت بەدرێژایی هەفتەکە مەشقی کردووە، ئەو لە تەواوی یەکەیەکی مەشقدا دەرکەوتووە لەگەڵمان. لەبارەی یارییەکەوە پێموایە هەندێک یاریی لە یارییەکی دیکە گەورەترە، یاریی مانچێستەر یونایتد و لیڤەرپوول هەموو کات یارییەکی گرنگ و گەورەیە، بەتایبەت ئەگەر لە چارەکی کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا بێت، بەجۆشین بۆ یارییەکە و بەدڵنیاییەوە یارییەکی تایبەت و ناوازە دەبێت".
 
ئەگەر لیڤەرپوول چاوی لەوە بێت دەستکەوتی دوو وەرز لەمەوپێش لە جامەکەدا دووبارەبکاتەوە و نازناوەکەی بباتەوە، مانچێستەر زۆر لە رکابەرەکەی زیاتر تینووە بۆ نازناوی ئەو جامە، چونکە حەوت وەرزی لەسەریەکە، ئەو جامەی بەدەستنەهێناوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە