رووداو دیجیتاڵ
دوای ماوەیەکی زۆر لە مشتومڕ و چاوەڕوانی، یاریی فیناڵیسیمای نێوان هەڵبژاردەی ئیسپانیا و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، پاڵەوانانی ئەورووپا و ئەمریکای باشوور کە بڕیاربوو لە قەتەر بەڕێوەبچێت، بە فەرمی هەڵوەشایەوە. جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناکۆکی نێوان فیدراسیۆنەکان لەسەر شوێنی یارییەکە، رێگربوون لەوەی جیهان بینەری رووبەڕووبوونەوەی مێژوویی نێوان لیۆنێل مێسی و لامین یامال بێت.
بڕیاربوو یارییەکە لە 27ـی ئەم مانگە لە یاریگەی لوسێل لە قەتەر ئەنجامبدرێت، بەڵام گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە و داخستنی ئاسمانی چەند وڵاتێک و ناهەمواری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ترسی لای یاریزانان و راهێنەرانی هەردوو تیپەکە دروستکرد. لویس دێ لا فوێنتێ، راهێنەری ئیسپانیا لە لێدوانێکدا رایگەیاند "لەبەر ئەوەی ناوچەکە بووەتە شوێنی جەنگ، پێناچێت ئەنجامدانی یارییەکە لەوێ لە کارە لەپێشینەکان بێت و دەبێت شوێنێکی دیکە بدۆزرێتەوە".
سەرەڕای هەوڵەکان بۆ گواستنەوەی یارییەکە، بەڵام ناکۆکی نێوان فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و ئەرجەنتین رێگربوو. ئیسپانییەکان داوایان دەکرد یارییەکە لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە مەدرید بکرێت، چونکە زۆربەی یاریزانەکان لە ئەورووپا یاریی دەکەن، بەڵام کلاودیۆ تاپیا، سەرۆکی فیدراسیۆنی ئەرجەنتین ئەو پێشنیازەی رەتکردەوە و گوتی "ئیسپانیا دەیەوێت لە مەدرید یاریی بکات، بەڵام من دەمەوێت لە یاریگەی مۆنۆمێنتال لە ئەرجەنتین بێت".
میدیاکانی ئیسپانیا ئاماژەیان بەوە کردووە یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا (یوفا) پێشنیاری کردووە یارییەکە لە رۆما بکرێت لە ئیتاڵیا، بەڵام بەهۆی تەنیا 24 کاژێر جیاوازی لە دیاریکردنی کاتەکە، رێککەوتنەکە نەکرا. ئەرجەنتینییەکان رازی بوون لە شوێنێکی بێلایەن یاریی بکەن و ئیسپانییەکانیش بەهۆی چڕی خشتەی یارییەکانیان، پێشنیاری یاریی چوون و هاتنیان رەتکردەوە.
ئەم هەڵوەشاندنەوەیە گورزێکی گەورەیە بۆ هاندەرانی تۆپی پێ، چونکە چاوەڕێی بینینی مێسی و لامین یامال بوون بەرامبەر بە یەک یاریی بکەن.
ئێستا هەردوو هەڵبژاردە خەریکی رێکخستنی یاریی دۆستانەن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بەروارە. ئیسپانیا لە 27ـی ئەم مانگە لە یاریگەی ڤیاڕیال رووبەڕووی سڕبیا دەبێتەوە، بەڵام ئەرجەنتین هێشتا تیپێکی دیاری نەکردووە و ئەگەر هەیە یارییەک لەگەڵ تیپی لاوانی وڵاتەکەی ئەنجام بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ