رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی تێهەڵچوونەوەی یەکێتیی تۆپی پێی ئەفریقا (کاف) بە فەرمی مەغریبی وەک پاڵەوانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقای 2025 ناساند، دوای ئەوەی ئەنجامی یاریی کۆتایی بەرامبەر سەنیگال گۆڕدرا و بە ئەنجامی 3-0 لە بەرژەوەندی مەغریب هەژمارکرا.
ئەم بڕیارە مێژووییە دوای ئەو رووداوانە دێت لە یاریگەی شاری رەبات لە کاتی یاریی کۆتایی روویاندا، کاتێک یاریزانانی سەنیگال لە نێو یاریگە کشانەوە. لیژنەی تێهەڵچوونەوە لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کردووە تانەکەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی مەغریب قبووڵ کراوە و بڕیاردرا نازناوی پاڵەوانێتییەکە لە سەنیگال بسەندرێتەوە و بدرێتە مەغریبی وڵاتی میواندار.
سەرەتای سەرهەڵدانی کێشەکە بۆ کاتە زیادکراوەکانی یارییەکە دەگەڕێتەوە، کاتێک براهیم دیاز لە ناوچەی سزای سەنیگال کەوت. ناوبژیوان سەرەتا بڕیاری بەردەوامبوونی یارییەکەی دا، بەڵام دوای گەڕانەوە بۆ ڤار، لێدانی سزای بۆ مەغریب هەژمارکرد. ئەم بڕیارە ناڕەزایەتی تووندی پاپ تیای راهێنەری سەنیگالی لێکەوتەوە و داوای لە یاریزانەکانی کرد بچنە ژووری جلگۆڕینی و یارییەکە جێبهێڵن.
لیژنەی تێهەڵچوونەوەی کاف دووپاتی کردەوە رەفتاری یاریزانانی سەنیگال پێشێلکردنی روونی ماددەکانی 82 و 84ـی رێساکانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقایە. بەو پێیەی یاریزانەکان یاریگەیان جێهێشتووە، تیپەکە بە دۆڕاو بە ئەنجامی 3-0 هەژمارکرا.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکاندا، سزای ئیسماعیل سایباری یاریزانی مەغریب کەمکرایەوە بۆ 2 یاری راگیران و پێبژاردنە داراییەکەی سەر ئەو یاریزانەش کە بڕەکەی 100 هەزار دۆلار بوو هەڵوەشێندرایەوە. هەروەها دەربارەی رووداوەکانی پەیوەست بە تۆپکۆکەرەکان و بەکارهێنانی لەیزەر لەلایەن هاندەرانەوە، پێبژاردنە داراییەکانی سەر فیدراسیۆنی مەغریب کەمکرانەوە.
بڕیارەکە رۆژی 17ـی مانگی 3ـی 2026 دەرچوو و تێیدا جەخت لەوە کرایەوە سەرجەم داواکارییەکانی دیکە رەتکراونەتەوە و تەنیا ئەنجامی یارییەکە و گۆڕینی پاڵەوانی کیشوەرەکە پەسند کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ