خولی نایابی عێراق.. هەولێر و زاخۆ شەڕی بردنەوە دەکەن

17-04-2021
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یانەی هەولێر یانەی زاخۆ
A+ A-

رووداو دیجیتال 

ئەمڕۆ شەممە لە گەڕی بیست و هەشتی خولی یانە نایابەکانی عێراق، یانەی هەولێر میوانداری کەرخ دەکات و یانەی زاخۆش ململانێی یانەی نەفتی بەسرە دەکات. 

یانەی هەولێر بەسەرکردایەتی لوئەی سەڵاحی راهێنەر دەیەوێت 3 خاڵی یارییەکە پێشکەشی هاندەرانی بکات، یارییەکە کاژێر 21:00 لەنێو یاریگەی فرانسۆ هەریری بەڕێوەدەچێت.

درێس زەردەکانی پایتەختی هەرێمی کوردستان خاوەن چوار نازناوی خولەکە بە کۆکردنەوەی 32 خاڵ لە پلەی یازدەمی ریزبەندیی خولی نایابی عێراقن، یانەی کەرخ 33 خاڵی هەیە و لە پلەی دەیەمی ریزبەندییە.

رێبین رەمزی، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕیی میدیایی رووداو، رایگەیاند "تیپەکەمان بەشێوەیەکی زۆر باش ئامادەکاریی بۆ سەرکەوتن لەم یارییەدا کردووە و هیوادەخوازن 3 خاڵی یارییەکە ببەینەوە".

رێبین لەبارەی ئامادەکاریی یاریزانانی پایتەختیشەوە بۆ ئەم یارییە، دووپاتیکردەوە کە هەموو یاریزانان ئامادەن و هیچ کێشەیان نییە و گوتی "تەنیا یاریزان ئیڤان خالید بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکان ناتوانێت لەم یارییەدا لەگەڵمان بەشداربێت".

ماوەی دوو رۆژە یانەی کەرخ راهێنانەکانی گواستووەتەوە شاری هەولێر، تیپەکە هەموو هیوایەکی بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە.

سائیر ئەحمەد، راهێنەری یانەی کەرخ بۆ رووداو، روونیکردەوە "چاومان لە کۆکردنەوەی خاڵەکانە و یاریزانانم مۆڕاڵیان بەرزە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی شایستە، دەزانم یانەی هەولێر ئاسان نییە و یاریکردن لە نێو یاریگەی یاریگەی فرانسۆ هەریری قورسە".

هەر ئەمڕۆ لە خولی نایابی عێراق کاژێر 16:00 یانەی زاخۆ میوانداری یانەی نەفتی بەسرە دەکات، یانەی زاخۆ لە وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی عێراق ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە و تاوەکو ئێستا بە کۆکردنەوەی 40 خاڵ لە پلەی شەشەمی ریزبەندییدایە.

هیلیۆ مۆنتێرۆی بەرگریکاری بەرازیلی، تاکە یاریزانی یانەی زاخۆیە کە بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکان ناتوانێت بەشداری لەم یارییەدا بکات، کە لە قۆناخی یەکەمیشدا بەهەمان هۆکار بەرامبەر هەمان یانە یاری نەکرد، لە کاتێکدا ئەم یاریزانە لەم وەرزەدا زۆرترین یاری بۆ زاخۆ کردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە