فیفا وەڵامی داواکاریی عێراق دەداتەوە

17-04-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا)، بەشێوەیەکی فەرمی داواکاریی یەکێتی تۆپی پێی عێراقی لەبارەی یارییەکەیان بەرامبەر ئوردن وەرگرت و هەڵسەنگاندن بۆ داواکارییەکە دەکات.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی رایگەیاند، وەڵامێکی فەرمیان لەلایەن فیفاوە پێگەیشت لەبارەی وەرگرتنی داواکاریی یەکێتییەکە کە سەبارەت بە گرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزی بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر ئوردن پێشکێشکردووە، کە بڕیارە لە 10-6-2025 لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال رووبەڕووی یەکببنەوە."
 
لەو نامەیەدا کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بۆ یەکێتی تۆپی پێی عێراقی ناردووە، واژۆی ئەمێرکۆ ئێسپالاگاسی سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی رێکارەکانی لەسەرە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە داواکارییەکە لەژێر پێداچوونەوەدایە و دەستەڵاتی دادوەریی فیفا فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە هەموو وردەکارییەکی نوێ ئاگادار دەکاتەوە.
 
لە یاریی رابردووی هەڵبژاردەی عێراقدا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال بەرامبەر فەڵەستین کە لە ئوردن کرا، هاندەرانی ئوردن بۆ پاڵپشتیی فەڵەستین چوونە نێو یاریگە و دروشمی سیاسی و رەگەزپەرستیان لەبارەی عێراقەوە دەگوتەوە و فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقیش سکاڵای تۆمارکرد و سکاڵاکەی پێشکێشی فیفا کرد و داوا دەکات رێوشوێنی خۆپارێزی بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی لە کەشیکی ئارامدا یاریی داهاتوویان بکەن.
 
یەکێتی تۆپی پێی عێراق دووپاتیدەکاتەوە بەردەوامدەبن لە بەداداچوون بۆ ئەو داواکارییەی پێشکێشکراوە بۆ ئەوەی دادپەروەری بەپێی رێکارەکانی فیفا جێبەجێبکرێت.
 
هەڵبژاردەی عێراق لە دوایین یارییدا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ بە فەڵەستین دۆڕا، دوو یاریی ماوە، یەکێکیان بەرامبەر ئوردنە و ئەوەی دیکەیان بەرامبەر کۆریای باشوور دەبێت، هەڵبژاردەکە پێویستی بەبردنەوەی هەردوو یارییەکەیە بۆ ئەوەی بە راستەوخۆ بگاتە مۆندیالی 2026.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە