سەرۆک بارزانی چی بە یانەی دهۆک گوت؟

17-04-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سەرۆک بارزانی یانەی دهۆک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک بارزانی، بەبۆنەی بردنەوەی نازناوی جامی کەنداوەوە پێشوازیی لە یاریزانان، راهێنەر و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەی دهۆک کرد و خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشین.
 
بارەگای بارزانی راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و ئەمە دەقەکەیەتی
 
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە یانەی وەرزشیی دهۆك دەكات
 
پێشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە 17ی نیسانی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێوەبەر و یاریزانان و ستافی یانەی وەرزشیی دهۆك كرد.
 
لەو دیدارەدا كە د. عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆكیش ئامادە بوو، سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی یانەی وەرزشیی دهۆكی كرد و پیرۆزبایی سەركەوتن و بەدەستهێنانی قارەمانێتی جامی كەنداوی لێ كردن و دەستخۆشی لە یاریزانان و ستاف و بەڕێوەبەر و هەموو ئەوانە كرد كە ڕۆڵیان لەو سەركەوتنە مێژووییەدا هەبووە. سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە ڕۆڵی وەرزش و وەرزشوانان لە ژیانی گەلان دا و ئەوەشی خستەڕوو ئێوە دەتوانن لە سیاسەت زیاتر و باشتر دۆزی گەلەكەتان بە جیهان بناسێنن. سەرۆك بارزانی پاڵپشتیی خۆی بۆ یانەی وەرزشیی دهۆك و سەرجەم وەرزشوانانی كوردستان دووپات كردەوە و هیوای سەركەوتن و بەردەوامی بۆ خواستن.
 
هەر لەو دیدارەدا شاندی میوان سوپاسی پاڵپشتی و خەمخۆریی سەرۆك بارزانیان كرد و ڕایانگەیاند كە پاڵپشتیەكانی سەرۆك بارزانی ئیرادەی سەركەوتن و ورەی زۆری پێ بەخشیون و ئەو سەركەوتن و جامەی بە دەستیان هێناوە وەك دیاری پێشكەشی سەرۆك بارزانیی دەكەن.
 
یانەی دهۆک لە یاریی کۆتایی جامی کەنداودا کە لە دهۆک بەڕێوەچوو، بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی قادسیەی کوێتی بەدەستهێنا و وەکو یەکەم یانە لە مێژووی تۆپی پێی کوردستان و عێراقدا نازناوەکەی بردەوە.
 
دوای بردنەوەی نازناوەکەش سەرۆک بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی لەبارەی بەدەستهێنانی نازناوەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەم سەرکەوتنە سەرکەوتنی هەموو کوردستانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە