مانچێستەر سیتی دەیەوێت ئابڕووی وەرزەکەی بکڕێتەوە

17-05-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ئێف ئەی کەپ یانەی کریستاڵ پاڵاس یانەی مانچێستەر سیتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە کۆتایی وەرزێکی پڕ لە شکست و کەوتن و لەدەستدانی نازناودا، پێپ گواردیۆلا و تیپەکەی، چاویان لە رزگارکردنی وەرزەکەیانە، بەبردنەوەی نازناوی ئێف ئەی کەپ، کە دەکرێ ببێتە تاکە نازناوی تیپەکە لە وەرزی ئەمساڵدا.
 
ئەمڕۆ کاژێر 18:30 بەکاتی باشووری کوردستان، یاریی کۆتایی ئێف ئەی کەپ، یانەی مانچێستەر سیتی و کریستاڵ پاڵاس لەسەر یاریگەی وێمبڵی لە لەندەن کۆدەکاتەوە.
 
مانچێستەر سیتی بەوەرزێکی ئاوارتە و خراپدا گوزەری کرد و لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکانی ئەمساڵ دەستبەتاڵ هاتە دەرەوە، پاشئەوەی هەرزوو لە پرێمەرلیگ بەرامبەر هێزی لیڤەرپوول چۆکی دادا و لە چامپیۆنزلیگ لەلایەن ریال مەدریدی ئیسپانییەوە کرایە دەرەوە.
 
مانچێستەر سیتی پێشتر 7 جار نازناوی جامەکەی بردووەتەوە، بەبردنەوەی نازناوی ئەمڕۆ، ژمارەی نازناوەکانی لەگەڵ لیڤەرپوول، چێڵسی و تۆتێنهام یەکساندەکاتەوە.
 
کریستال پاڵاس هیچ نازناوێکی پاڵەوانێتییەکەی نەبردووەتەوە و دەیەوێت بۆ یەکەمجار ببێتە پاڵەوان.
 
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، لەبارەی یارییەکەوە دەڵێ، "دەزانم ئەمە کێشەیە و ئێف ئەی کەپ ئەو جامە نەبوو کە دەتانویست بیبەینەوە، هەر بۆیە ئێستا هەرچییەک بەدەست بهێنین خوا نەیبڕێت. ئێمە نازناوەکەمان دەوێت، تەنیا گەیشتنمان بەیاریی کۆتایی مانای ویستمانە بۆ بردنەوەی نازناوەکە. ئێمە وەرزی رابردوو ئاستێکی خراپمان هەبوو لە یاریی کۆتایی جامەکەدا، بەڵام من دڵنیام ئەمجارە ئاستێکی باش پێشاندەدەین و رکابەریان دەبین. ئەوە بۆ ئێمە گرنگە کە نازناوەکە ببەینەوە، ئێمە دەبێ ئامادەبین، ساڵانی پێشتر چەندینجار ئەوەمان کردووە و ئەمساڵیش دەبێ بیکەین".
 
لەلای خۆیەوە، ئۆلیڤەر گلاسنەر، راهێنەری یانەی کریستاڵ پاڵاس، هەمان ویستی یانەکەی دووپاتکردووەتەوە، ئەو دەڵێ، "پێموایە ئێمە لە کریستاڵ پاڵاس، نابێ هەست بەسترێس  و گوشار بکەین بۆ بردنەوەی نازناوێک، لەبەرئەوەی پێشتر ئەمە لە مێژووی یانەکەدا رووینەداوە. ئێمە ئەوپەڕی هەوڵی خۆماندەدەین، پێموایە ئەمە ئەو شتەیە کە هەموو هاندەرانمان پێزانینیان هەیە بۆی بەدرێژایی وەرزەکە، ئێمە ئەوپەڕی توانای خۆمان لە هەموو یارییەکدا پێشاندا دەدەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ دانیپێدابنێین کە رووبەڕووی شکستی قورس بووینەوە لەسەردەستی مانچێستەر سیتی و نیوکاسڵ، بەڵام هاندەران بینییان کە یاریزانەکان ئەوپەڕی توانای خۆیان بەکارهێنا. لە یارییەکەی ئەمجارەشدا بەهەمان عەقڵیەتەوە یارییدەکەین، پێموایە لەگەڵ هاندەرەکانمان هەموو شت دەکرێ رووبدات. هەمووانیش چاوەڕێن هەر یاریزانێک ئەوپەڕی توانای خۆی بەکاربخات. هەروەها پێشبینیدەکەین هاندەرانمان ئەوپەڕی توانای خۆیان بۆ پشتگیریمان بخەنە کار.
 
راهێنەری کریستاڵ پاڵاس هەروەها دەڵێ، "دەبێ لەبیرمان بێت ئەوە تۆپی پێیە و زۆر شتی تێدا روودەدات، بەڵام ئێمە دەمانەوێت یارییەکە لەسەر شێوازی خۆمان بکەین، هەرواش دەکەین، پێموایە ئەوکات باشترین هەلی بردنەوەی نازناوەکەمان دەبێت. پێموایە مانچێستەر سیتی هەمان کاردەکات، هەرلەبەرئەوە 90 هەزار کەس لە یاریگەدا ئامادە دەبێت، پێموایە ملیۆنانیش لەرێگەی شاشەکانەوە دەمان بینێت، چونکە کەس ئەنجامەکە نازانێت، هەربۆیە ئێمە هەوڵدەدەین براوەبین".
 
لەم وەرزەدا، لە رکابەرییەکانی پرێمەرلیگ مانچێستەر سیتی دوو یاریی بەرامبەر کریستال پاڵاس کردووە، لە یاریگەی ئەواندا 2-2 یەکسانبوون و لە یاریگەی خۆیدا 5-2 یارییەکەی بردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە