رووداو دیجیتاڵ
یارییەکانی قۆناخی هەشتی ئێف ئەی کەپ دەستپێدەکەن و لە بەهێزترین یاریی قۆناخەکەدا هەردوو یانەی مانچێستەر سیتی و لیڤەرپوول رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
کاژێر 14:45 لە یاریگەی ئیتیحاد، مانچێستەر سیتی بەرامبەر لیڤەرپوول یاریی دەکات، هەردوو یانە دەیانەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانیان بدەن و قۆناخێکی دیکەی پاڵەوانێتییەکە ببڕن.
مانچێستەر سیتی لەکاتێکدا ئەم یارییە ئەنجامدەدات، لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا لەگەڵ ریال مەدرید کرایە دەرەوە، دوای ئەوەش نازناوی کاراباو کەپی لە یانەی ئارسیناڵ بردەوە. ئێستا تیپەکەی پێپ گواردیۆلا چاوی لە رکابەریکردنە لەسەر بردنەوەی نازناوێکی دیکە.
یانەی لیڤەرپوول لە چامپیۆنزلیگدا ماوە، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یارییەکە ئەنجامدەدات، بەڵام تیپەکەی ئارنێ سڵۆت ئامادەیە و دەیەوێت رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو بکات.
یارییەکە بۆ محەممەد سەڵاح تایبەت دەبێت، بەوپێیەی رایگەیاندووە، لە کۆتایی وەرزدا لە یانەکە دەڕوات، بۆیە یاریزانەکە چاوی لەوەیە بە نزیکبوونەوە لە بردنەوەی نازناوێکی دیکە لەگەڵ یانەکە کاروانەکەی کۆتایی بهێنێت.
لە یارییەکی دیکەدا کە کاژێر 19:15 خولەک دەکرێت، یانەی چێڵسی لەنێو یاریگە و هاندەرانی بەرامبەر یانەی پۆرت ڤالێ یاریی دەکات.
پۆرت ڤالێ، لە خولی پلە دووی ئینگلتەرا یاریی دەکات، یانەکە لە کۆی 24 یانە لە پلەی کۆتایی ریزبەندی خولەکەیە، بەڵام لە جامەکەدا بە ئەنجامی باشەوە گەیشتووەتە ئەم قۆناخە و لە قۆناخی رابردوودا لە یانەی سەندەرلاندی بردووەتەوە و یارییەکەی ئەمڕۆ بۆ ئەوان مێژوویی دەبێت.
دوایین یاریی ئەمشەوی جامەکە، لەنێوان هەردوو یانەی ساوسامپتۆن و ئارسیناڵ دەبێت و کاژێر 22:00 یارییەکە بەڕێوەدەچێت.
گانەرز پێشەنگی ریزبەندی پرێمەرلیگە، گەیشتووەتە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، بەڵام نازناوی کاراباو کەپی بەرامبەر مانچێستەر سیتی لەدەستداوە و نایەوێت ئەم نازناوەشی بە ئاسانی لەدەستبچێت.
ساوسامپتۆن لە چامپیۆنشیپ یاریی دەکات، ئێستا لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولەکە یە بە کۆکردنەوەی 63 خاڵ و رکابەری لەسەر گەیشتن بە پرێمەرلیگ دەکات.
یانەکە دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی ئارسیناڵ لە رکابەرییەکە بکاتە دەرەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ