فەرمی.. ریال مەدرید گرێبەستکردنی لەگەڵ هۆیسن راگەیاند

17-05-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید دین هۆیسن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەفەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ دین هۆیسنی بەرگریکەری ئیسپانیی تەمەن 20 ساڵان راگەیاند.
 
ریال مەدرید لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، "دین هۆیسن، یاریزانێکی نوێی یانەکەمانە و هێڵی بەرگریی تیپەکەمان بەبوونی لاوێکی بەهرەمەند بەهێزتردەبێت کە تەمەنی 20 ساڵانە و یاریزانێکی نێودەوڵەتیی ئیسپانییە و لە خولەکانی کالچیۆ و پرێمەرلیگ پیشەگەر بووە".
 
سەرچاوەکان پێشتر ئاشکرایانکردبوو کە ریال مەدرید رێوشوێنەکانی گرێبەستکردنی لەگەڵ ئەو یاریزانە نوێیە تەواوکردووە.
 
ریال مەدرید دەڵێ، "ئەو دڵی بەرگرییەی لە بۆرنمۆوسەوە دێت، یەکێکە لە بەربژێرانی بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی لاوی پرێمەرلیگ لە وەرزی ئەمساڵدا".
 
هەروەها دەڵێ، "هۆیسن یەکەمجار لە مانگی سێی رابردوو لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەرکەوت و لە تیپی لاوانی مەلەگاوە دەستی بەیاریکردووە و دواتر لە 2021 چووەتە یوڤێنتوس و لە یەکەم بەشداریدا بەرامبەر میلان درێسی یانەکەی پۆشیوە، دواتر نیو وەرز بەخواستن یاریی بۆ رۆما کردووە، بەرلەوەی بەیەکجاری روو لە بۆرنمۆوس بکات".
 
ریال مەدرید تێچووی گواستنەوەی ئەو یاریزانەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام سەرچاوەکان پێیانوایە گرێبەستەکە زیاتر لە 50 ملیۆن لەسەر یانەکە کەوتووە، لە کاتێکدا هەندێک سەرچاوە دەڵێن گواستنەوەکە بە 58 ملیۆن یۆرۆ ئەنجامدراوە و بەوەش هۆیسن دەبێتە گرانترین بەرگریکەری مێژووی ریال مەدرید.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە