نامۆ فازڵ بردنەوەیەکی مێژوویی تۆمارکرد

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن نامۆ فازڵ پاڵەوانی کورد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئێستا باسی جەنگاوەرێکی کورد دەکەم کە لە نێو قەفەسی یاریی هونەرە جەنگییەکاندا جیهانی سەرسام کرد. نامۆ فازڵ، ئەو وەرزشوانە بەتوانایەی بە ئاڵای کوردستانەوە دەچێتە مەیدان، توانی لە یارییەکی پڕ لە جۆش و خرۆشدا سەرکەوتنێکی گەورە بەسەر رکابەرەکەیدا بەدەستبهێنێت.
 
نامۆ فازڵ، جەنگاوەری لێهاتووی کورد لە یارییەکانی MMA، توانی لە یەکەم چالاکیی وەرزشیی پلاتفۆرمی "نێتفلێکس"دا لە شاری لۆس ئانجلەسی ئەمریکا، بە ئاڵای کوردستانەوە سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنێت.
 
نامۆ لەنێو هۆڵی "ئینتویت دۆم" رووبەڕووی جەیک بابیانی رکابەرە ئەمریکییەکەی بووەوە. لە گەڕی یەکەمدا، بابیان زۆر هێرشبەرانە دەستی پێکرد و بە لێدانی بەهێز گوشاری بۆ سەر نامۆ دروستکرد، بەڵام جەنگاوەرە کوردەکە بە تاکتیک و خۆڕاگرییەکی زۆرەوە بەرگەی هێرشەکانی گرت.
 
وەرچەرخانە گەورەکە لە گەڕی دووەمدا روویدا. لە چرکەی 58ی ئەم گەڕەدا، نامۆ فازڵ بە زیرەکییەکی زۆر جڵەوی یارییەکەی گرتە دەست و بە تەکنیکێکی سەخت کە بە "ئەناکۆندا چۆک" ناسراوە، ملی رکابەرە ئەمریکییەکەی گرت. بابیان بەرگەی ئەو گوشارە توندەی نەگرت و پێش ئەوەی زیانی پێ بگات، بە دەست ئاماژەی دا و خۆی بەدەستەوە دا.
 
ئەم تەکنیکەی نامۆ بەکاریهێنا، ناوی لە ماری "ئەناکۆندا"وە هاتووە؛ چونکە بە هەمان شێوەی مارەکە گەمارۆی ملی رکابەرەکەی دەدات تاوەکو ناچاری دەکات تەسلیم بێت.
 
بەو سەرکەوتنە، ئێستا نامۆ فازڵ خاوەنی تۆمارێکی زۆر بەهێزە؛ ئەو 10 سەرکەوتنی هەیە و تەنیا 1 جار دۆڕاوە. ئەم دەستکەوتە گەورەیە کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە نێتفلێکس بڵاوکرایەوە، رێگەی بۆ نامۆ خۆش کرد تاوەکو لە داهاتوویەکی نزیکدا لە ریزی پێشەوەی جەنگاوەرە جیهانییەکانی UFCدا ببینرێت.
 
ئەم سەرکەوتنە مێژووییە لە نێو هاواری "کوردستان، کوردستان"ی بێژەر و ئامادەبوواندا تۆمار کرا. ئێستا نامۆ فازڵ وەک یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی یارییەکانی MMA لە ئەمریکا ناوی دەهێنرێت و توانیویەتی جارێکی دیکە ناوی کورد لە نێو ناوەندە وەرزشییە جیهانییەکاندا بەرز بکاتەوە.
 
دوای بردنەوە گەورەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، نامۆ فازڵ لەنێو قەفەسی شەڕەکەدا قسەیکرد و گوتی "زۆر قسەمانکرد، قسەکەمان بردە سەر. ئێستا من ئامادەم بۆ ئەوەی سبەی شەڕ بکەمەوە، لەگەڵ هەر کەسێک و لە هەر شوێنێک".
 
نامۆ لە پەیامێکدا کە لەسەر ئینستاگرامەکەی بڵاویکردووەتەوە لەبارەی ئەو کێشەیەی لە دوای یارییەکە لەنێوان ئەو و ئارما تسارۆکیاندا روویدا گوتی "کاتێک پێمگوت پێویستە قسەی لەگەڵ بکەین، هێشتا ئەو ڤیدیۆیەم نەبینیبوو کە تێیدا داوای لێبوردن لە گەلی کورد دەکات. من و ئارمان هەردووکمان لە هەمان یانە (ATT) راهێنان دەکەین و ئێستا هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ یەکدی نییە".
 
پاڵەوانە کوردەکە دەڵێت "نامەوێت کەس ئەم بابەتە گەورە بکات یان کێشە لەنێوانمان دروست بکات. ئەوەی روویدا تەنیا تێنەگەیشتنێک بوو لەلایەن هەردوولاوە. رێز لەوە دەگرم کە ئارمان دانی بە هەڵەی خۆیدا ناوە و داوای لێبوردنی کرد، هیوادارم ئەم بابەتە لێرە کۆتایی بێت. وەکو پێشتریش گوتوومە، کورد و ئەرمەنی بران. ئەم بابەتە بۆ من تەنیا بابەتێکی کەسی نەبوو، بەڵکو پەیوەندیی بە گەلەکەمەوە هەبوو".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە