رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینیۆی پۆرتوگالی، راهێنەری یانەی بێنفیکا، باسی لەو هەواڵانە کرد کە پەیوەندییان بەئەگەری وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی ریال مەدریدەوە هەیە لە هاوینی داهاتوودا.
مۆرینیۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، کە رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، گوتی "قسەم لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز یان هیچ کەسێک لە ستافی کارگێڕیی ریال مەدرید نەکردووە. هەموو ئەمانە راستن، بەڵام من گەمژە نیم... پەیوەندی لە نێوان یانە ئیسپانییەکە و خۆرخێ مێندێزی بەڕێوەبەری کارەکانم هەیە".
ئەو راهێنەرە پۆرتوگالییە گوتیشی "پێموایە گفتوگۆکان لەگەڵ ریال مەدرید لە هەفتەی داهاتوودا دەبنە پەیوەندییەکی کەسی لەگەڵ من، ئێستا کاتێکم لەبەردەستە بۆ هێوربوونەوە و بڕیاردان. بەیانی وەک راهێنەری بێنفیکا لەخەو هەڵدەستم، رۆژی دووشەممەش دەچمە بنکەی مەشق و راهێنان، دوای ئەوە دەبینین چی روودەدات".
کاتێک لێیانپرسی لە ئەگەری نەبوونی فلۆرێنتینۆ پێرێز.. ئایا بیر لە گەڕانەوە دەکەیتەوە؟"، وەڵامی دایەوە "ئێمە باسی هەمان چیرۆک دەکەین و دەڵێین 'ئەگەر وابێت'... راهێنەری ئێستای ریال مەدرید ئەلڤارۆ ئەربێلوایە، ئەگەر بەیانی بیباتەوە... ئەو بەیانی یاری هەیە، وایە؟ باشە، لەوانەیە هەر ئەلڤارۆ ببێتە راهێنەری وەرزی داهاتووی ریال مەدرید".
مۆرینیۆ لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا، کە ئایا دەکرێت بڵێیت نەخێر بۆ ریال مەدرید کاتێک دەستەوارەیەکت پێشکەش دەکەن؟ گوتی "ئەوە بەندە بە دەستەوارەکەوە، و بەوەی چییان لە من دەوێت. ئێمە لێرەدا باسی یۆرۆیەک زیاتر یان کەمتر ناکەین، بەڵکو باسی ئەوە دەکەین چییان لێم دەوێت، و ئایا من لە بارودۆخێکدام کە بتوانم ئەو پێشنیارانەی دەیخەنەڕوو جێبەجێیان بکەم و جۆری ئەو کارەی پێشنیازی دەکەن چۆنە. دەمەوێت کاتم هەبێت بۆ شیکردنەوە و بیرکردنەوە و بڕیاردانی خۆم".
لە درێژەی قسەکانیدا مۆرینیۆ گوتی "بێنفیکا هەر بێنفیکایە و ناتوانم ئەو هەستانەی بەرامبەر بێنفیکا هەمە چیدی بشارمەوە. هەموو ژیانی پیشەییم بە شاردنەوەی ئەو هەستانە بەسەربرد، بەڵام ئێستا مەحاڵە، بەڵام ئەمە ژیانی پیشەیی منە. دەبینین چی روودەدات".
هەروەها لێیانپرسی دەڵێیت چاوەڕێی پەیوەندی راستەوخۆ دەکەیت لە هەفتەی داهاتوودا، ئایا ئەگەری گەڕانەوە بۆ ریال مەدرید هانت دەدات؟، ئەو گوتی "لەوانەیە هەر هیچ پەیوەندییەک نەبێت! پێشتر گوتم 'ئەگەر'، 'ئەگەر'... 'لەوانەیە'، 'لەوانەیە'.. لەوانەشە هیچ شتێک روونەدات. لەم ساتەدا گرێبەست و دەستەوارەم لەگەڵ بێنفیکا هەیە. لەم ساتەدا دەرفەتێکی کاتیم هەیە؟ ئایا بەو شێوەیە دەگوترێت؟ من لەگەڵ ئیتاڵییەکان کاردەکەم و ئێستا زمانەکە بۆ من بووەتە تێکەڵەیەکی زۆر گەورە. کاتم هەیە بۆ بڕیاردان".
لە کۆتاییدا و لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا روی کۆستا هەموو هەوڵێکی دا بۆ هێشتنەوەت؟ سپێشەڵ وەن گوتی "ئەو کاتەی هاتمە ئێرە گرێبەستێکی لەگەڵ من واژۆکرد، تێیدا رێککەوتین لەسەر بڕگەیەک کە لەڕووی ئەخلاقییەوە پارێزگاریمان لێبکات ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا بدۆڕێت. ساڵێکی دیکە گرێبەستم ماوە؛ کەس بێنفیکای ناچار نەکردووە نوێی بکاتەوە؛ بەڵام بە نوێنەکردنەوەی، ئەو بڕگەیەمان بۆ چەند رۆژێک بە کراوەیی هێشتەوە، کە دەرفەتم پێدەدات بڕۆم ئەگەر بڕیارمدا، بەڵام هیچ رەخنەیەکم لە سەرۆک نییە.. ئێمە بووین لەسەر ئەم جۆرە گرێبەستە رێککەوتین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ