رووداو دیجیتال
وەرزشڤانانی گۆڕەپان و مەیدانی ئیسپانیا بەر لەوەی گەشتی وڵاتی ژاپۆن بکە بۆ بەشداریکردن لە یارییەکانی ئۆڵمپیادی 2020ـی تۆکیۆ، لەلایەن پاشا و سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیاوە پێشوازییان لێکرا.
یاریزانانی گۆڕەپان و مەیدانی ئیسپانیا کە بەشداری لە یارییەکانی ئۆڵمپیاد دەکەن، لە مەدریدی پایتەخت چوونە کۆشکی پاردۆ و لەلایەن پاشا فلیپی شەشەمەوە پێشوازییان لێکرا.
پاشا گوتی: ئەم رۆژانە ئێوە دڵی ئیسپانیان، ئێوە هیوای ئیسپانیا زیاددەکەن، تەنیا بە ئەنجامدانی رکابەرییەکان وادەکەن کاتی خۆشمان هەبێت.
دواتر وەرزشڤانانی ئیسپانیا هەر لە مەدرید سەردانی کۆشکی مۆنکلوایان کرد و لەلایەن پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیاوە پێشوازییان لێکرا و هیوای ئەنجامی باشی بۆ خواستن.
سەرۆکوەزیران گوتی: ئەو کاتەی لە یاریگەی ئۆڵیمپی لە تۆکیۆ دەردەکەون، هەرگیز ئەوە لە یاد مەکەن کە چی ئێوەی گەیاندووەتە ئەوێ، کۆشش، ماندووبوون و پەیوەستبوون، هیوادارم کارێک بکەن کە ئیسپانیا لەو شوێنەبێت کە شایستەیەتی ئەویش سەکۆی نازناوەکانەوە.
54 یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی ئیسپانیا بەشداری لە یارییەکانی ئۆلمپیادی تۆکیۆ دەکەن، 32 پیاو و 22 ئافرەت، بەگشتیش 320 یاریزانی ئیسپانیا لە 32 وەرزشی جیاوازدا ئامادەی ئۆڵمپیاد دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ