رووداو دیجیتاڵ
تیروپشکی قۆناخی پلەی ئۆفی کیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە یارییەکانی جامی جیهانی 2026 راکێشرا و هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەکی لووتکەدا بەرامبەر هەڵبژاردەی سعودیە یاری دەکات.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە کوالالامپۆری پایتەختی مالیزیا لە بارەگای فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، تیروپشکی قۆناخی پلەی ئۆف راکێشرا.
شەش هەڵبژاردەی بەشداری ئەم قۆناخەی پاڵاوتنەکانی مۆندیال بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکران، هەڵبژاردەی قەتەر، ئیمارات و عومان کەوتنە کۆمەڵەی یەکەم و یارییەکانی ئەم کۆمەڵەیە لە قەتەر بەڕێوەدەچن.
لە کۆمەڵەی دووەمدا، هەڵبژاردەکانی سعودیە، عێراق و ئیندونیزیا رووبەڕووی یەکدەبنەوە و یارییەکانی کۆمەڵەکە لە جەددەی سعودیە دەکرێن.
یارییەکانی قۆناخی پلەی ئۆف لەنێوان 8 تاوەکو 14ـی مانگی 10ـی داهاتوو بەڕێوەدەچن، یەکەم یاریی هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر ئیندونیزیا دەبێت لە رۆژی 11ـی مانگ، دوای ئەوە بەرامبەر سعودیە یاری دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی بلیتێکی مۆندیال.
یەکەم و دووەمی هەردوو کۆمەڵە راستەوخۆ دەگەنە یارییەکانی مۆندیالی داهاتوو و دووەمی هەردوولا رووبەڕووی یەکدەبنەوە بۆ ئەوەی بلیتێکی پاشکۆیەکی دیکە بەدەستبهێنن و براوەیان بەرامبەر هەڵبژاردەیەکی کۆنکاف یان ئوقیانۆس یاری دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ