رووداو دیجیتاڵ
فیفا دەیەوێت گۆڕانکاریی ریشەیی پێش دەستپێکردنی لە هەندێک یاسای تۆپی پێدا بکات بەر لە دەستپێکردنی مۆندیالی 2026 کە دیارترینیان یاسای لێدانی سزایە.
ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ IFAB تاوتوێی چەند گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە یاساکانی یارییەکەدا دەکات، کە لەوانەیە پێش دەستپێکردنی جامی جیهانیی 2026 پەسەند بکرێن.
ئەم گۆڕانکارییانە هەڵوەشاندنەوەی دووبارە لێدانەوەی تۆپ دوای جێبەجێکردنی لێدانی سزا و پێدانی دەسەڵاتی فراوانتر بە ناوبژیوانانی یاریدەدەری ڤیدیۆیی VAR بۆ دەستوەردان لە کارتی زەردی دووەم و لێدانەکانی کۆڕنەر لەخۆدەگرێت.
رۆژنامەی سەنی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، بەپێی پێشنیازە نوێیەکە، لێدانی سزا دەبێتە تەنیا یەک لێدان، بەجۆرێک کە ئەگەر یاریزانی جێبەجێکار گۆڵی تۆمارنەکرد، راستەوخۆ لێدانی گۆڵ بە تیپی بەرامبەر دەدرێت، تەنانەت ئەگەر تۆپەکە لە ستوونی گۆڵ یان گۆڵپارێزیش بگەڕێتەوە.
بەرپرسانی IFAB پێیانوایە کە لێدانی سزا خۆی لەخۆیدا سوودێکی گەورە بە تیپی هێرشبەر دەبەخشێت، بۆیە رێگەدان بە هەوڵی دووەم لە تۆپی گەڕاوەوە بە مافێکی زیادەی نادادپەروەرانە دادەنرێت. هەروەها پێیانوایە پێشنیازە نوێیەکە کۆتایی بە مشتومڕی هاتنە ژوورەوەی یاریزانان بۆ ناوچەی سزا پێش جێبەجێکردنی لێدانەکە دەهێنێت.
لەلایەکی دیکەوە، گۆڕانکارییە پێشنیازکراوەکان رێگە بە ناوبژیوانانی ڤار دەدەن کە دەستوەردان بکەن لە بڕیارەکانی کارتی زەردی دووەم کە لەوانەیە ببێتە هۆی دەرکردنێکی نادادپەروەرانە، هەروەها لە بڕیاری لێدانی کۆڕنەر ئەگەر هەڵەیەکی توون و ئاشکرا لەلایەن ناوبژیوانەوە کرابێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی جەختی لەوە کردەوە کە هەر دەستوەردانێکی نوێی تەکنەلۆژیای ڤیدیۆیی دەبێت زۆر خێرابێت، بۆ ئەوەی ببێتە هۆی کەمترین دواکەوتنی زیادە لە یارییەکەدا.
پێویستە گۆڕانکارییەکان تاوەکو مانگی شوباتی 2026 پەسەند بکرێن بۆ ئەوەی لە مۆندیالەکەدا بچنە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم هەنگاوانە پشتیوانییەکی زۆریان لێدەکرێت و پێشبینی دەکرێت سیمای تۆپی پێی مۆدێرن بگۆڕن.
چەندین گۆڕانکاریی دیکەش تاوتوێ دەکرێن، وەک رێگەدان بەناوبژیوانان بۆ جێبەجێکردنی "یاسای هەشت چرکە" لەسەر گۆڵپارێزەکان، کە لەم دواییانەدا دەست بە کارپێکردنی کراوە و کاتی راستەقینەی راگرتنی تۆپ لەلایەن گۆڵپارێزەوە هەژمار دەکات.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ