پاڵەوانی مۆندیال دەردەکەوێت و یاریی لووتکە لە ئۆڵدترافۆردە

17-08-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن پرێمەرلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ پاڵەوانی مۆندیال یاریی هەیە و لە دێربییەکی لەندەنیدا لە وەرزی نوێی پرێمەرلیگدا دەردەکەوێت.
 
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی یەکەمی خولی ئینگلتەرا، کاژێر 16:00 یانەی چێڵسی، پاڵەوانی مۆندیالی یانەکان لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی کریستال پاڵاس دەکات و ئەمە دەبێتە یەکەم دەرکەوتنی هەردوو یانە لە رکابەرییەکانی وەرزی نوێی پرێمەرلیگدا.
 
چێڵسی بۆ ئەم وەرزە گۆڕانکاریی لە تیپەکەیدا کردووە، گرێبەستی لەگەڵ هەریەکە لە جواو پێدرۆ، لیام دێلاپ، جەیمی گیتێنس کردووە و دەیەوێت رکابەری لەسەر نازناوەکە بکات، بەتایبەت دوای ئەوەی لە هاوینی ئەمساڵدا بەبردنەوەیەکی گەورە بەرامبەر پاریس سانجێرمان نازناوی مۆندیالی یانەکانی بردەوە.
 
لە بەرامبەردا یانەی کریستال پاڵاس چەند رۆژێکی کەم لەمەوبەر نازناوی قەڵخانی ئینگلتەرای بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە لیڤەرپوولی بردەوە.
 
دوو یانەی پڕ لە گۆڕانکاری و بە بەرگێکی نوێ رووبەڕووی یەکدەبنەوە، دوو یانە کە عەوداڵی بردنەوەی نازناون دەچنە نێو رکابەرییەکانی وەرزی نوێی پرێمەرلیگ.
 
مانچێستەر یونایتد و ئارسیناڵ، لە یەکەم لووتکەی وەرزی نوێی خولەکەدا، کاژێر 18:30 لەسەر یاریگەی ئۆڵدترافۆرد رووبەڕووی یەکدەبنەوە و چاویان لەوەیە لە یەکەم دەرکەوتنیاندا هێزی خۆیان نمایش بکەن.
 
مان یونایتدی خاوەن یاریگە لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا گۆڕانکارییەکی گەورەی لە هێڵی پێشەوەی یانەکەیدا کردووە و گرێبەستی لەگەڵ هەریەکە لە ماتیۆس کونیا، براین ئێمبێمبو و بێنیامین شیشکۆ کردووە و دەیەوێت بە گۆڕانکارییە هێرشبەرەکانی رکابەرەکانیی ئازار بدات.
 
یانەی ئارسیناڵی دووەمی وەرزی رابردوو، لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا هەریەکە لە ڤیکتۆر یۆکێرێش، مارتن زوبیمێندی، کریستیان نۆرگارد، نۆنی مادویکی و کریستیان موسکێرای گواستووەتەوە و دەیەوێت باشتر لە وەرزی رابردوو دەربکەوێت.
 
لە دوایین 7 ساڵدا، مانچێستەر یونایتد تەنیا دوو جار لە یانەی ئارسیناڵی بردووەتەوە، 8 جار ئارسیناڵ بردنەوەی تۆمارکردووە و 4 یاریی نێوانیان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە