لە دوای دانەنانی لە پێکهاتەی سەرەکی ریال مەدرید، ڤینیسیۆس پەیامێک بڵاودەکاتەوە

17-09-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جونیۆر
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی بەرازیلی یانەی ریال مەدرید، پەیامێکی شاراوەی لە سۆشیال میدیای تایبەت بەخۆی بڵاوکردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری یانەکە لە یەکەم یاریی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگدا بە سەرەکی یاری پێنەکرد.
 
ریال مەدرید یەکەم یاریی خۆی لە قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر مارسیلیای فەرەنسی ئەنجامدا و یارییەکەشی بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ بردەوە. چابی ئەلۆنسۆ لەو یارییەدا پێکهاتەکەی گۆڕیبوو، لە هێرشبردن ماستانتونۆ و کیلیان ئێمباپێ و رۆدریگۆ سەرەکی بوون و ڤینیسیۆس لەسەر کورسی یەدەگ دەبینرا.
 
لە سەرەتادا ریال مەدرید  بە گۆڵێکی تيمۆسی ویا دواکەوت، بەڵام ئێمباپێ لە رێگەی لێدانی سزا ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، دواتر دانی کارفاخال بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، سەرەڕای ئەمەش ئێمباپێ لە رێگەی لێدانی سزای دووەمەوە گۆڵی بردنەوەی تۆمارکرد و 3 خاڵی گرنگی بۆ ریال مەدرید مسۆگەرکرد.
 
ڤینیسیۆس جونیۆر لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا و کاتێک ئەنجام 1-1 بوو، وەک یاریزانی یەدەگ بەشداری کرد. دوای یارییەکەش، ئەستێرە بەرازیلییەکە وێنەیەکی رەش و سپی خۆی لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە، وێنەکە کاتێک بوو ڤینیسیۆس یاریگای جێدەهێشت و درێسی یانەی ریال مەدریدیشی لەبەردا نەبوو.
 
بەپێی لێکدانەوەی رۆژنامەڤانان ئەوە پەیامێک بوو بۆ جیهانی وەرزشی کە ڤینی نایەوێت وەک یاریزانی یەدەگ یاری بکات و دەیەوێت هەمیشە یاریزانی ژمارە یەکی ریال مەدرید بێت و بە سەرەکی یاری بکات.
 
رۆژنامەیەکی نزیک لەو یانەیە پێشتر بڵاویکردبووەوە، یانەکانی سعودیە ئامادەن نزیکەی 350 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی ڤینیسیۆس جونیۆر خەرج بکەن و مووچەی ساڵانەشی بگەیننە یەک ملیار یۆرۆ، بەڵام وادیارە ریال مەدرید دڵنیا نییە لەوەی ڤینیسیۆس بەردەوامدەبێت یان نا.
 
ریال مەدرید بە بردنەوەی یارییەکەی مارسیلیا، بووە یەکەم یانە لە مێژووی چامپیۆنزلیگ 200 بردنەوە تۆماربکات. یانە ئیسپانییەکە 15 جار نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە.
 
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری ریال مەدرید، سەبارەت بە دانەنانی ڤینیسیۆس وەک یاریزانی سەرەکی رایگەیاند، ئێمە پێویستمان بە ڤینیسیۆس، رۆدریگۆ، فرانکۆ و براهیم دیاز هەیە. ئەلۆنسۆ گوتیشی، گفتوگۆ تایبەتییەکان لە ژووری جلگۆڕین دەمێننەوە، هەموو یاریزانێک کاتی یاریکردنی دەبێت، هیچ کەسێک نابێت تووڕە ببێت ئەگەر یارییەک بەشدارینەکات یان بە یەدەگ بێتە نێو یاریگا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە