رووداو دیجیتاڵ
ماوەی گەڕانەوەی لامین یامال، بارسێلۆنا تووشی شۆک دەکات، لەبەرئەوەی ماوەکەی زیاترە لەوەی پێشبینی دەکرا.
یانەی بارسێلۆنا یەکەم یاریی خۆی لە قۆناخی یەکەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا ئەنجام دەدات و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی نیوکاسڵ یونایتدی ئینگلیزی دەبێتەوە، بەڵام بێبەش دەبێت لە تواناکانی ئەستێرە دیارەکەی، لامين يامال.
ئەستێرە تەمەن 18 ساڵەکەی بارسا بەهۆی پێکانێکەوە لە حەوزیدا لە پێکهاتەی تیپەکەی دوورکەوتووەتەوە، وەک رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، یاریزانەکە لە یاریی لیڤانتییەوە هەستی بە ئازار کردووە و لە یاریی رایۆ ڤاییکانۆ لە چوارچێوەی لالیگادا، پێکانەکەی زیاتر بووە.
لامين يامال ناچار بووە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەشداری بکات لە یارییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە جامی جیهانی 2026، ئەمەش هانزی فلیکی راهێنەری بارسێلۆنای تووڕەکرد و پزیشکانی هەڵبژاردەی لارۆخای بەوە تۆمەتبار کرد کە دەرزی ئازارشکێنیان لە لامین داوە بۆ ئەوەی یاری دژی تورکیا بکات، کە بێگومان ئەمە مەترسیدارە بۆ تەندروستی یاریزانەکە.
بەپێی رۆژنامە ئیسپانییەکە، دوورکەوتنەوەی لامين يامال لە تیپەکەدا لەوانەیە درێژتر بێت لەوەی کە چاوەڕوان دەکرێت، چونکە لە یاری دژی نیوکاسڵ یونایتد لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا بەشدار نابێت، هەروەها لە یاری دژی خیتافیش بەشدار نابێت و گومانێکی زۆر هەیە لە بەشداریکردنی لە یاریی بەرمابەر ریال ئۆڤیێدۆش لە خولی ئیسپانیا.
لە کاتێکدا ستافی پزیشکی هەوڵدەدەن لامین ئامادە بکەن بۆ ئەوەی لە یاریی دژی ریال سۆسیداد لە لالیگادا چەند خولەکێک یاری بکات، بەڵام ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە بەڕێژەی 100% ئامادە بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاریس سانجێرمان لە گەڕی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
لامين يامال لە یاری دژی ڤالێنسیا لە خولی ئیسپانیا بەشدار نەبوو، سەرەڕای ئەوەش بارسێلۆنا بەئەنجامی 6-0 لە میوانەکەی بردەوە.
پێشتر هەندێک سەرچاوەی میدیایی باسیان لەوە کردووە کە لامین یامال رووبەڕووی دوورکەوتنەوەیەکی کتوپڕ و درێژخایەن دەبێتەوە، کە هەڕەشە لە داهاتووی بارسێلۆنا دەکات.
وەک ئەو سەرچاوانە باسیان کردووە، بارسێلۆنا لە دۆخێکی زۆر ناهەمواردایە دوای گۆڕانکارییەکی کتوپڕ لە دۆخی تەندروستی لامین یامالی ئەستێرەی یەکەمی بارسا، کە ئێستا لەژێر هەڕەشەی دوورکەوتنەوەیە لە یارییە گرنگەکانی خولی ئیسپانیا و خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
ئەوەی جێگەی پرسیارە، سروشتی ئەو پێکانەیە کە یاریزانەکە تووشی بووە و تاوەکو ئێستا وردەکارییەکانی بەشێوەیەکی روون ئاشکرا نەکراون، بەڵام مەترسییەکە ئەوەیە کە هەندێک سەرچاو دەڵێن "ئەگەری هەیە نەخۆشییەکەی لامین قورس و مەترسیدار بێت و ماوەیەکی زۆر و درێژ دووربکەوێتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ