ئەمشەو یارییە گەورەکەی ئەوروپایە

17-10-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئینگلتەرا هەڵبژاردەی ئیتاڵیا پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2020
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمە یاریگەی وێمبڵییە و هەزاران یادەوەریی خۆشی بۆ ئینگلیزەکان تێدایە. وێمبڵێ گێڕەرەوەی سەدان چیرۆکی سەرکەوتن و دڵخۆشبوون، نوشوست و شکستە بۆ هەموو ئەوانەی وەک یاریزان قاچیان لەسەر چیمەنەکەی داناوە، یان وەک هاندەر لەسەر کورسییەکانی دانیشتوون... بەڵام کاتێک باسی وێمبڵی و ئیتاڵیا دەکرێت، ئینگلیزێک نییە دڵخۆش بێت.
 
وێمبڵی یەکێکە لە دێرینترین یاریگەکانی ئینگلتەرا، کەچی ئیتاڵییەکان ئێستا لە هەموو کات زیاتر هەست بەدڵخۆشیی دەکەن تێیدا، چونکە کاتێک باس دێتە سەر ئیتاڵیا، یاریگەکە یادەوەرییەکانی هاوینی 2021 بەبیردەهێنێتەوە کاتێک ئیتاڵییەکان لە نێو هەمان یاریگەدا، بوونی خۆیان بەپاڵەوانی ئەوروپا راگەیاند، بەڵام لەسەر حسابی کێ؟ ئینگلتەرا.
 
ئەمشەو هەردوو هەڵبژاردە لەهەمان گۆڕەپاندا بەیەکدەگەنەوە، بەڵام ئینگلیزەکان پێیانوایە ئەوەی ئێستا هەیانە، زۆر جیاوازترە لەوەی دوو ساڵ لەمەوپێش هەیانبوو، ئەوان ئێستا هەڵبژاردەیەکی زۆر بەهێزتر و ئەزمووندارتریان هەیە و بەگەڕانەوە بۆ ئەنجامی یاریی یەکەمیان لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی ئەمجارە کە تێیدا لە ئیتاڵیایان بردەوە بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، دەتوانن ئەمشەویش هەمان شت دووبارە بکەنەوە.
 
درەوشانەوەی بێلینگهام وەک دیارترین یاریزانی ناوەڕاستی ئێستای جیهان و یادەوەرییە تاڵەکانی باکایۆ ساکای هێرشبەر بەرامبەر ئیتاڵیا و بەردەوامبوونی هاری کەین لە پۆشینی درێسی هەڵبژاردەی سێ شێرەکە، دڵنیایی زۆر دەداتە هاندەرانی ئینگلتەرا، بەوەی ئەمشەو دەتوانن لە نێو وێمبڵییەوە خۆیان وەک هەشتەم هەڵبژاردەی سەرکەوتوو بۆ یۆرۆی داهاتوو، رابگەیەنن.
 
ئیتاڵییەکان بەهەمان یادەوەرییە خۆشەکانی دوایین دەرکەوتنیانەوە لە وێمبڵی روو لە یاریگەکە دەکەن. بەڵام هەروەکچۆن دۆخی ئینگلیزەکان لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا زۆر گۆڕاوە، بەهەمان شێوە ئیتاڵیاش زۆر گۆڕاوە.
 
ئیتاڵیا نەیتوانی وەبەرهێنانێکی باش لە بوونەوەی بەپاڵەوانی ئەوروپا لەسەر خاکی ئینگلتەرا بکات و بێئومێدانە خۆی بەدەست بێبەشبوون لە مۆندیالی قەتەرەوەدا. ئێستاش نە ئەو راهێنەرە لە هەڵبژاردەکەدا ماوە کە ئیتاڵییەکانی کردە پاڵەوانی ئەوروپا، نە ژمارەیەک لەو یاریزانانەی ئەوکات لە هەڵبژاردەکەدابوون، بەتایبەت ئەو یاریزانانەی بەهۆی سکانداڵی قومارکردنەوە، لە هەڵبژاردەکە دوورخراونەتەوە.
 
جیۆڤانی دی لۆرێنزۆ، یاریزانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، گوتی "رووداوی یاریزانە دوورخراوەکان کاریگەریی نەبووە لەسەرمان، ئێمە چاومان لەسەر ئامادەسازییەکانی یارییەکەی. من پێشتریش گوتوومە ئێمە هەفتەیەکە مەشقی چڕ دەکەین و ئامادەین. ئەگەر باسی جیاوازیی هەڵبژاردەکەی ئێستا و ئەوەی دوو ساڵ لەمەوپێش بکەم کە نازناوی یۆرۆی بردەوە لێرە، من دڵنیا نیم لەوەی جیاوازییەکە چییە. ئێمە لەگەڵ راهێنەرێکی نوێدا قۆناخێکی نوێمان دەستپێکردووە. ئەو هەڵبژاردەیەی یۆرۆی 2020ی بردەوە هەڵبژاردەیەکی زۆر باشبوو، ئێمەش ئێستا کۆمەڵەیەکی یەکگرتووین".
 
ئەوەی زیاتر ترس لای ئیتاڵییەکان بۆ یارییەکەی ئەمشەو دروستدەکات، بەردەوامبوونی کێشەی نەبوونی هێرشبەری سەرەڕمی یەکلاکەرەوەیە لە هەڵبژاردەکەدا کە ساڵانێکی زۆرە بووەتە سەرئێشەیەکی گەورە بۆ ئیتاڵیا، بەتایبەت کە ئەمشەو هەریەکە لە فیدریکۆ کیێزا، چیرۆ ئیمۆبیلی و ماتیۆ ریتیجی ناتوانن لەگەڵ ئازۆری بن بۆ ئەوەی لە خاکی ئینگلتەراوە، بەسەرکەوتنێکی دیکەوە بگەڕێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە