بەفەرمی.. ئاندریا ئانێلی ماڵئاوایی لە یوڤێنتوس دەکات و هێرش دەکاتە سەر یوێفا

18-01-2023
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-
 
رووداو - دیجیتاڵ

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاندریا ئانێلی، سەرۆکی پێشووی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی بەفەرمی ماڵئاوایی لە یانەکە کرد و پەیامێکی ماڵئاواییشی بڵاوکردەوە. 

 

بەهۆی فشارەکانی یەکێتیی تۆپی پێی ئیتاڵیاوە، کە بەم دواییە لێکۆڵینەوەکانیان لەنێو یانەی یوڤێنتوس دەستپێکرد سەبارەت بە شاردنەوەی بڕی پارەی چەند گرێبەستێک، کارگێڕیی یوڤێنتوس دەستیان لەکارکێشایەوە.

 
ئانێلی دەڵێت: ئەمڕۆ بەشێک لە مێژووی یوڤێتنوس کۆتاییدێت، وەرزی من و وەرزی پاڤێڵ نێدڤێد کۆتاییهات دوای 13 ساڵ، زۆر قورسە ئێستا خوێندنەوەی بۆ بکەین، ئەرکی ئێمە هەمیشە ئەوەبووە کە تێگەیشتنمان بۆ ئاڕاستکردنی کۆمەڵگە هەبووبێت لەو کاتەی باسی تۆپی پێمان دەکرد. 
 
ئاندریا لە درێژەی راگەیێندراوەکەیدا باسی ئەوەش دەکات "ویستم بە چەند دێڕێک بیرۆکەیەک لەبارەی چالاکییە ١٣ ساڵەکەمانەوە بدەم “کاری من هەمیشە ئەوەبووە کە تۆپی پێ بکرێتە بەشێک لە پیشەسازی کاتبەسەربردن کە یاری و مۆزەخانە و موزیک لەخۆدەگرێت ئێمە باس لە پیشەسازییەکی 140 ملیار دۆلاری دەکەین کە تۆپی پێ شایەنی بەشێکی گەورەیە لەوە و مامەڵەی ئابووریمان بینیوە، بینیومانە پارە بە گواستنەوەی رێژەیی دێتە ژوورەوە لە کۆمپانیاکان و خولەکانەوە پاشان چاومان لەوە کرد کە تێبگەین کام چارەسەر زۆرترین گونجاوە بۆ پیشەسازییەکەمان،
 
"مانگی یەک تا حەوتی ساڵی ٢٠٢٢ وەبەرهێنانمان بەبڕی ٧٠ ملیار دۆلار کرد، ئامانجمان ئەوەیە هەمیشە خەڵک بگەڕێنینەوە ناو تۆپی پێ، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ناڕازایەتییانەی کە هەن" ئانێڵی وایگوت.
 
ئەو سەرۆکەی پێشووی یوڤێنتوس وازهێنانی خۆی و ستافەکەی خستووەتە ئەستۆی بەرپرسانی یوێفا، کە پێی وایە بەهۆی بیرۆکەی سوپەرلیگەوە کارەکانیان لێ ئاڵۆزکراوە و دەڵێت: بەهۆی ئەوەی کە ئێمە لە ساڵی 2019 بیرۆکەی خولی سوپەرلیگمان داڕشت و لە ساڵی 2021 دژی تاکڕەوییەکانی یەکێتییەکە کارمانکرد و بڕیاری دروستکردنی خولی سوپەری ئەوروپامان دا، رووبەڕووی قورسیی زۆر بووینەوە، ئێمە پێمان وابوو کە سیاسیەی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا تەنیا لە خزمەتی خولی ئینگلیزیدایە و ساڵ بە ساڵ سەرنجی جیهان و یاریزانان بەلای خۆیدا رادەکێشێت، ئەمەش کێشەی گەورەیە و خولەکانی دیکە پشتگوێدەخات، سوپاسی یانەکانی ریال مەدرید و بارسێلۆنا دەکەم کە بوێریی ئەوەیان هەبوو دژی ئەم هەڕەشانەی یوێفا بووەستنەوە.
 
لە کۆتاییدا ئانێلی سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە لە یوڤێنتوسدا کاریان لەگەڵدا کردووە، لە گەورەوە تاوەکو بچووک. 
 
ئاندریا راشیگەیاند کە چیدیکە وەک ئەندامی دەستەی کارگێریی کۆمپانیاکانی ئێسکۆر و ستێلانتیس کار ناکات و پەڕەیەکی دیکە هەڵدەداتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە