رووداو دیجیتاڵ
ریال مەدرید گەڕایەوە سەر رێچکەی سەرکەوتنەکان و بە ئەنجامی 2-0 لە لیڤانتێی بردەوە، بەڵام یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، گرژییەکی بێوێنەی بەخۆوە بینی. هاندەران نەک تەنیا بەفیکە پێشوازییان لە یاریزانانی یانەکە کرد، بەڵکو بە دەنگی بەرز داوای دوورکەوتنەوەی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکەشیان کرد و بارودۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرچوو.
دوای هەفتەیەکی پڕ لە شکست لە سوپەری ئیسپانیا و جامی شای ئیسپانیا، ریال مەدرید راهێنەری گۆڕی. چابی ئەلۆنسۆ دوورخرایەوە و ئەلڤارۆ ئەربێلوا لە تیپی کاستیاوە سەرخرا بۆ سەرکردایەتی تیپی یەکەم. ئەربێلوا لە یەکەم تاقیکردنەوەی لالیگادا و لە ساڵیادی لەدایکبوونی 43 ساڵەییدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام ئەو سەرکەوتنە لەناو ژینگەیەکی پڕ لە تووڕەییدا بوو.
هاندەرانی یانەی شاهانە، فیکەی ناڕەزایەتییان دژی ڤینیسیۆس جۆنیۆر و جود بێلینگهام لێدا. جگە لە یاریزانەکان، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆک کە تاوەکو ساڵی 2029 لە سەرۆکایەتیی یانەکە بەردەوام دەبێت، پشکی شێری لە هێرشەکان بەرکەوت و ئەویش فیکەی ناڕەزایی بۆ لێدرا. لە ساڵی 2015ـەوە، کاتێک رافایێل بێنیتێز راهێنەر بوو، دیمەنی لەم شێوەیە لە بێرنابیۆ نەبینراوە کە هاندەران هاواری "پێرێز دەستلەکاربکێشەرەوە" بکەن.
ئەربێلوا بەرلە یارییەکە داوای هێوربوونەوەی لە هاندەران کردبوو. ئەو دەستەواژەیەکی بەناوبانگی خوانیتۆی بەکارهێنا و گوتی "تێدەگەم هاندەرانی ریال مەدرید بریندار و نائومێدن، بەڵام داوایان لێدەکەم پاڵپشتیی یاریزانەکان بکەن. خوانیتۆ دەیگوت 90 خولەک لە بێرنابیۆ زۆر درێژە، ئەمەش مەبەستی ئەوە نەبوو یاریگەکە دژی یاریزانەکان بێت".
ناڕەزایەتییەکان تەنیا لەناو یاریگەدا نەبوون، بەڵکو لە شەقامەکانی مەدرید تابلۆی گەورە دژی پێرێز هەڵواسرابوون. لە خولەکی 5ـی یارییەکەدا هاندەران یەکدەنگ دژی سەرۆک هاواریان کرد، کامێراکان پێرێزیان نیشاندا لە شوێنی تایبەتی خۆی بە پێکەنینێکی دەستکردەوە کاردانەوەی هەبوو. ئەربێلوا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا داکۆکی لە پێرێز کرد و گوتی "دەزانم ئەم کەمپەینانە لە کوێوە سەرچاوە دەگرن، ئەمانە ئەو کەسانەن ریال مەدریدیان خۆشناوێت. ئێمە بەختەوەرین پێرێزمان هەیە، چونکە ئەو گرنگترین کەسایەتیی مێژووی یانەکەیە".
سەبارەت بە یاریزانەکان، پێشوازییەکە زۆر سارد بوو. تەنانەت کۆرتواش لە فیکەی ناڕەزایەتی بێبەش نەبوو. ڤینیسیۆس، جود بێلینگهام و ڤالڤێردی زۆرترین فیکەیان بۆ لێدرا. میدیاکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەو یاریزانانە باوەڕیان بە بیرۆکەکانی چابی ئەلۆنسۆ نەبووە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لە ژووری جلگۆڕین. لە بەرامبەردا، کیلیان ئێمباپێ کە گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، هیچ فیکەیەکی بۆ لێنەدرا.
لە کۆتایی یارییەکەدا، ڤینیسیۆس داوای هاندانی لە جەماوەر کرد، بەڵام کاتێک وەڵامی نەدرایەوە، بە خەمباری یاریگەی جێهێشت. ئەربێلوا دووپاتی کردەوە ڤینیسیۆس یەکێکە لە باشترینەکانی جیهان و کاردەکات بۆ ئەوەی باشترین ئاست پێشکەش بکات. لە یارییەکەدا ئاردا گولەر بە باشترین یاریزان دیاریکرا و هەریەکە لە گۆنزالۆ گارسیا و راول ئەسێنسیۆ درەوشانەوە، بەڵام ئەرکی ئەربێلوا بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوخۆیی یانەکە زۆر قورسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ