رووداو دیجیتاڵ
لە دوایین یاریی جامی کەنداودا، لە قۆناخی کۆمەڵەکان، یانەی زاخۆ لەنێو یاریگە و هاندەرانی یاریی دەکات و دەیەوێت پارێزگاری لە پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکەی بکات.
لە دوایین گەڕی قۆناخی کۆمەڵەکان و لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی یەکەمدا، لە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزاندا ئەمشەو کاژێر 20:30 یانەی زاخۆ لەنێو یاریگە و هاندەرانی بەرامبەر یانەی سترەی بەحرەینی یاریی دەکات و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات بۆ ئەوەی شوێنی خۆی لە پێشەنگی کۆمەڵەکە بپارێزێت و وەکو یەکەمی ریزبەند بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
زاخۆ بە سێ بردنەوە، یەکسانبوونێک و دۆڕانێک خاوەنی 10 خاڵە، پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەی یەکەمی گرتووە و پێشتر سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەرکردووە، یانەکە لە گەڕی رابردوودا بەرامبەر قادسیەی کوێتی تووشی یەکەم دۆڕانبوو لە جامەکەدا.
ئەمە دووەم یاریی زاخۆیە لەژێر سەرپەرشتی ئەیوب ئودیشۆ، ئەو راهێنەرە لە یەکەم یارییدا لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، سەرکردایەتیی زاخۆی کرد بۆ بردنەوە لە هەولێر و تیپەکەی بە تەواوی یاریزانەکانەوە بۆ ئەم رووبەڕووبوونەوەیە ئامادەیە.
یانەی سترەی بەحرەینی تەنیا 2 خاڵی هەیە، هیچ هیوایەکی بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو نەماوە، ئەوان تەنیا ئامانجیان ئەوەیە بە دڵخۆشییەوە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
لە ئەگەری بردنەوەی یارییەکە و مانەوە لە پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکەدا، لە قۆناخی پێشکۆتایی یانەی زاخۆ بەرامبەر شەبابی سعودی یاریی دەکات، ئەگەر بە هەر ئەنجامێکی دیکەش تیپەکە چووە پلەی دووەمی ریزبەند، لە قۆناخی داهاتوو رووبەڕووی یانەی رەیانی قەتەری دەبێتەوە.
بەر لە یارییەکە ئەیوب ئودیشۆ، راهێنەری یانەی زاخۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "یارییەکە لە یاریی هەولێر جیاوازترە، گرنگییەکی تایبەتی هەیە و پەیوەستە بە ریزبەندی کۆمەڵەکەوە هەموو یاریزانەکان ئامادەن و متمانەی تەواویان بە خۆیان هەیە، چاومان لە بردنەوەیە و دەمانەوێت هاندەرانمان دڵخۆش بکەین."
یارییەکە راستەوخۆ لە یوتیوبی رووداو سپۆرتس بە کۆمێنتاریی عیسا مەجید بە زمانی کوردی و لاوین هابیل بە زمانی عەرەبی دەگوازرێتەوە.


کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ