ریال مەدرید لە میونشن بەدوای پەرجوودا دەگەڕێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن ریال مەدرید - بایرن میونشن
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

بە ئامانجی ئەنجامدانی ریمۆنتادایەکی مێژوویی و قەرەبووکردنەوەی دۆڕاندنی لە یاریی رابردوودا، ریال مەدرید بەرامبەر بایرن میونشن یاریی دەکات و هەمووان پێیانوایە ئەمە یاریی مان و نەمانە بۆ یانەکە لەم وەرزەدا.
 
ئەمشەو لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا، یانەی ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە ئالیانز ئارێنا رووبەڕووی بایرن میونشن دەبێتەوە و جگە لە بردنەوەی یارییەکە مەدریدییەکان هیچ بژاردەیەکیان نییە بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو.
 
بایرن میونشن یاریی چوونی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردووەتەوە و هەنگاوێکی لە ریال مەدرید لە پێشترە، یانەکە بەباشترین دۆخی خۆیدا تێدەپەڕێت و دوایین یاریی بوندێسلیگاشی بە 5-0 لە یانەی سانت پاوڵی بردووەتەوە.
 
تیپەکەی ڤینسێنت کۆمپانی بە زۆرینەی ئەستێرەکانییەوە ئامادەیە، هاری کەین، لویس دیاز و مانوێل نۆیەر ئامادەن، تەنیا لێنارت کارل و سڤێن، داڤید سانتۆس و ئۆلرایخی گۆڵپارێز بەهۆی پێکانەوە بەشداری ناکەن.
 
لەلایەکی دیکەوە ریال مەدرید بە دۆخێکی نالەباردا تێدەپەڕێت، یانەکە لە جامی شای ئیسپانیا کراوەتە دەرەوە و لە لالیگاش 9 خاڵ لەدوای بارسێلۆناوەیە، بۆیە چامپیۆنزلیگ تەنیا دەرفەتیەتی بۆ رزگارکردنی یانە ئیسپانییەکە لەم بارودۆخە.
 
ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری ریال مەدرید ئەم یارییەی وەک یاریی کۆتایی ناوبرد و گوتی "ئێمە هەرگیز بێئومێد نابین و دەتوانین لە میونشن ئەنجامەکە پێچەوانە بکەینەوە".
 
ریال مەدرید بۆ ئەم ئاڵنگارییە گەورەیە بێبەش دەبێت لە تواناکانی ئۆریلیان چوامینی بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکانییەوە، راول ئاسێنسیۆ بەهۆی تووشبون بە پەتای هەوکردنی گەدە، هەروەها تیبۆ کۆرتوا و رۆدریگۆ بەهۆی پێکانەوە ئامادە نابن. 
 
ئەوەی بۆ هاندەرانی ریال مەدرید جێگەی ترسە ئەوەیە کە بایرن میونشن لە 22 جاری رابردوو کاتێک لە یاریی چوون لە دەرەوەی یاریگەی خۆی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە 21 جاردا گەیشتووەتە قۆناخی دواتر و تەنیا یەک جار تووشی شکست هاتووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە