رووداو دیجیتاڵ
یاریزانانی یانەی بارسێلۆنا، بەڵێنیانداوە سبەی یەکشەممە، لە کلاسیکۆی گەڕانەوەی خولی لالیگادا، جارێکی دیکە لە ریال مەدرید ببەنەوە.
سبەی کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید لەسەر یاریگەی نوکامپ لە هەفتەی 26ی لالیگادا بەیەکدەگەن.
رۆژنامەی 'سپۆرت'ی کەتەلۆنی گوتوویەتی، یاریزانەکانی بارسێلۆنا وەک یاریی کۆتایی لالیگا تەماشای کلاسیکۆی ئەمجارە دەکەن.
هەروەها دەڵێ، "یاریزانانی بارسێلۆنا پێیانوایە بردنەوە لە ریال مەدرید نازناوی ئەمساڵی لالیگا کۆتایی پێدەهێنێت".
رۆژنامەکە زیاتر دەڵێ، "لە ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنادا، هەمووان لەسەر ئەوە کۆکن کە تەنانەت یەکسانبوونیش لە یارییەکەی سبەیدا، ئەنجامێکی خراپە بۆ بارسێلۆنا".
یارییەکە لە کاتێکدا بارسێلۆنا بەجیاوازیی 9 خاڵ لە پێش ریال مەدریدەوەیە.
رۆژنامەکە دەڵێ، "یاریزانانی بارسێلۆنا هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی هیچ ئومێدێک بە یاریزانانی ریال مەدرید نەدەن لەبارەی زیندووبوونەوەی ئومێدی رکابەرییکردن لەسەر نازناوی لالیگا".
بەپێی ئەوەی میدیای کەتەلۆنیا باسیدەکەن، بارسێلۆنا دڵخۆشن بەمانەوەی ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ، چونکە ئەوە وا دەکات یانەکە ناچاربێت بەردەوام گۆڕانکاری بکات و پشوو بەهەندێک یاریزان بدات و نەپەرژێتە سەرئەوەی هەموو سەرنجی خۆی لەسەر لالیگا چڕ بکاتەوە.
یاریزانانی بارسێلۆنا نایانەوێت بکەونە ناو سیناریۆیەکی نەخوازراوەوە و دەیانەوێت لە رێگەی کلاسیکۆوە نازناوی لالیگا لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلابکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ