رووداو دیجیتاڵ
لە یارییەکی لووتکە و سەرنجڕاکێشی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی زاخۆ میوانداریی یانەی گەرمە دەکات و هەردوو تیپ دەیانەوێت زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە نزیکببنەوە.
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 23ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی زاخۆ کاژێر 23:15 لەنێو یاریگە و هاندەرانی بەرامبەر یانەی گەرمە یاریی دەکات و چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکەیە، بۆ ئەوەی درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و زیاتر لە ریزبەندەکەدا بچێتە پێشەوە.
زاخۆ رۆژی سێشەممە دوایین مەشقەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا و سەرجەم یاریزانەکانی تیپەکە جگە لە محەممەد سولا کە پێکانی هەیە، بۆ یارییەکەی ئەمشەو ئامادەن.
بەر لە یارییەکە ئەیوب ئودیشۆ، راهێنەری یانەی زاخۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "یارییەکی هەستیار و زۆر زەحمەتە، پێویستە باشترین ئاستی خۆمان پێشکێشبکەین، ئێمە پلەکانی پێشەوەمان لەبەردەمە و پێویستە هەوڵی زیاتر بدەین بۆ گەیشتن بەو ئامانجە."
راهێنەری زاخۆ زیاتر گوتی "دەبێت هەموو یاریزانەکان لە باشترین ئاستی خۆیاندا بن و پابەندی رێنوێنییەکان بن، گەرمە تیپەکە ویستی بردنەوەی هەیە، تیپێکی باشە، بۆیە لە یارییەکەدا پێویستیما بە پێشکێشکردنی ئاستی راستەقینەی خۆمانە، هاندەرانمان باشترینی جیهانن، پێویستە کڵاوی رێزیان بۆ دابنێین و دەزانین ئەوان چۆن پاڵپشتیمان دەکەن."
لەلایەن خۆیەوە عیسام حەمەد، راهێنەری یانەی گەرمە دەڵێت 'زاخۆ تیپێکی زەحمەت و زۆرباشی خولەکەیە، ئێمە زۆربەباشی لە گرنگی ئەم یارییە تێدەگەین، ئامادەکاریمان باشبووە، تیپەکە متمانەی بەخۆی هەیە و دەمانەوێت سێ خاڵی یارییەکە ببەینەوە."
بەر لە رووبەڕووبوونەوەی ئەمشەویان، یانەی گەرمە لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 41 خاڵ، زاخۆ لە پلەی شەشەمە بە 39 خاڵ و زاخۆییەکان دەیانەوێت ئەو پلەیە لە رکابەرەکەیان وەربگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ