رووداو دیجیتاڵ
میکێل ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی پێیوایە سەردەمی شەش گەورەکەی پرێمەرلیگ کۆتایی هاتووە.
سەرچاوەکان لەزاری ئەو راهێنەرەیان بڵاوکردەوە کە رکابەرییەکانی پرێمەرلیگ وەرز لە دوای وەرزی تووندتر و بەهێزتر دەبن و ئەوەش وایکردووە شتێک بەناوی 'شەش گەورەکە'ی خولەکەوە نەمێنێت.
ئارسیناڵ ئەمشەو بەرامبەر نیوکاسڵ یارییدەکات و هەردوو یانەش رکابەرن بۆ مسۆگەرکردنی کورسییەکی چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو.
ئارسیناڵ پێویستی بەدوو خاڵ هەیە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکەی، لە کاتێکدا نیوکاسڵ چارەنووسی بەدەست خۆیەتی و دەیەوێت یەکێک بێت لەو یانانەی ساڵی داهاتوو لە چامپیۆنزلیگ دەبێت.
نیوکاسڵ بەرلە یارییەکەی ئەمشەو، بەجیاوازیی خاڵێک لە پلەی سێیەمی ریزبەندییەکەیە و تەنیا یەک خاڵ لە پێش مانچێستەر سیتییە. تیپەکە بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆی، دەچێتە پلەی دووەم، لە کاتێکدا تەنیا یەک یاریی ماوە کە هەفتەی داهاتوو بەرامبەر ئیڤێرتۆن ئەنجامیدەدات.
لەگەڵ هەوڵەکانی مانچێستەر سیتی بۆ گەیشتنە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو و پشتبەستنی هەریەکە لە مانچێستەر یونایتد و تۆتێنهام بەئەنجامیان لە یۆرۆپالیگی ئەمساڵ، بۆ گەیشتن بەچامپیۆنزلیگی ساڵی داهاتوو، دۆخەکە لە هەمووان ئاڵۆز بووە، ئارتێتا دەڵێ، "ئاستەکە زۆر لەوە زیاتر بەرزبووەتەوە کە لە 12 مانگی رابردوودا بینیمان".
ئەو هەروەها دەڵێ، "زۆر لە راهێنەران دەناسم و لەگەڵیاندا گفتوگۆم لەسەرئەو بابەتە کردووە. شێوازی رکابەرییەکە تۆقێنەرە، رکابەرییەکە زۆر قورسە، بردنەوە ئەستەم بووە، جیاوازییەکان زۆر کەمبوونەتەوە و ئەوەش وادەکات وەرزی داهاتوو زۆر قورستر بێت".
ئەو هەروەها دووپاتیدەکاتەوە "لە هەر راهێنەرێک بپرسیت دەتوانی لە کۆتایی وەرزدا بەڵێنی گەیشتن بەچامپیۆنزلیگ بدەیت، ناوێرن بڵێن بەڵێ، ئەمەش دەریدەخات چیرۆکەکە بەکوێ گەیشتووە".
زیاتر دەڵێ، "لە پێشبینییەکان و چۆنیەتی بیرکردنەوەی خەڵک تێدەگەین، بەڵام بەدەستهێنانی بەردەوامبوون و سەقامگیری و بۆ ئەوەی لە باشترین شوێندا بین، دەبێ لە رکابەری لەسەر نازناوی خولەکەدا بین".
ئارتێتا تاوەکو ئێستا لە مەشقدانی ئارسیناڵ بەردەوامە، بەلام پێنجەم ساڵی لەسەریەکە هیچ نازناوێک ناباتەوە، بەتایبەت پرێمەرلیگ کە خەونی گەورەی هاندەرانی یانەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ