رووداو دیجیتاڵ
خولی تۆپی پێی پۆرتوگال کۆتاییهات، یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنە بە سەرکردایەتیی ڤیکتۆر یۆکێرێش، ئەستێرە و گۆڵکاری یانەکە بۆ وەرزی دووەم لەسەریەک بووە پاڵەوان و ئێستا هەمووان چاوەڕێی وەڵامی یەک پرسیار دەکەن، وەرزی داهاتوو یۆکێرێش لە کام یانە یاری دەکات.
لە دوایین گەڕی رکابەرییەکانی خولی یانەکانی پۆرتوگالدا، سپۆرتینگ بەرامبەر ڤیتۆریا گیمارێش یارییکرد و یۆکێرێش بە تۆمارکردنی گۆڵێک هاوکاریی یانەکەی کرد بۆ بردنەوەی یارییەکە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر و یەکلاکردنەوەی نازناوی خولەکە.
ڤیکتۆر لەم وەرزەی خولی پۆرتوگالدا 33 یاریی ئەنجامدا و 39 گۆڵی تۆمارکرد، بەبێ رکابەر هێرشبەرە سوێدییەکە بووە گۆڵکاری خولی پۆرتوگال.
بەشێوەیەکی گشتیش یاریزانەکە لە باشترین کاتەکانیدایە و لە 56 یاریی ئەم وەرزەدا لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا بەشداریی لە 79 گۆڵدا کردووە، 62 گۆڵی تۆمارکرد و 17 ئاسیستی بۆ هاوڕێکانی کرد.
بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی پێشکێشیکرد، ئێستا یۆکێرێش داواکاریی زۆری لەسەرە، یانەکانی ئارسیناڵ، چێڵسی، مانچێستەر یونایتد و بارسێلۆنا رکابەری لەسەر گواستنەوەی دەکەن و چاویان لە تواناکانی ئەو یاریزانەیە.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، یانەی ئارسیناڵ بەدرێژایی ئەم وەرزە لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە لە گفتوگۆدا بووە بۆ ئەوەی یۆکێرێش بباتە ریزەکانی.
ڤیکتۆر دوای بردنەوەی نازناوی خولی پۆرتوگال، لەبارەی داهاتووی خۆیەوە گوتی "ناتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە لە داهاتوودا چی روودەدات، ئێستا هەموو بیرکردنەوەم لای ئاهەنگگێڕانە و هەوڵدەدەم نازناوی جامی پۆرتوگالیش لەگەڵ یانەکە ببەمەوە."
ڤیکتۆر یۆکێرێش، تەمەنی 26 ساڵە، یاریزانەکە گرێبەستەکەی لەگەڵ سپۆرتینگ لیسبۆنە تاوەکو هاوینی 2028ـە و ئێستا نرخەکەی 75 ملیۆن یۆرۆیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ