رووداو هەولێر
ئەمڕۆ چوارشەممە یارییەکانی گەڕی 36ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستپێدەکەن، دوو یانەی کوردستان یارییان هەیە. یانەی زاخۆ دوور لە هاندەرانی یاری لەگەڵ یانەی نەجەف دەکات و یانەی نەورۆز لەنێو یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی کەربەلا دەکات.
یانەی زاخۆ وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی لەخولی ئەستێرەکانی عێراقدا پێشکەشکردووە، دوای هاتنی عەبدولغەنی شەهد، راهێنەری بەنێوبانگی عێراقی بۆ سەرپەرشتیکردنی تیپەکە، ئەو یانەیە ململانێیەکی بەهێز دەکات و لە پێنج یاریی رابردوویدا نەدۆڕاوە و چوار بردنەوەی بەدەستهێناوە.
کوڕانی خابوور دوایین یەکەی ئامادەکارییان لەشاری نەجەف ئەنجامدا، لە شوێنی حەوانەوەشیان ئاهەنگیان بەبۆنەی گەڕانەوەی محەممەد ئەبو حەشیش یاریزانی هەڵبژاردەی ئوردن گێڕا، کە ئەو ئەستێرەیە بەهۆی داخرانی فڕۆکەخانەکان نەیدەتوانی بگەڕێتەوە و دواجار لە رێگای وشکانییەوە گەڕایەوە و پەیوەندی بە ریزەکانی زاخۆوە کرد.
یانەی زاخۆ دروشمی وەرزی ئەمساڵی بەشداریکردنە لە پاڵەوانێتییەکی دەرەوە، تیپەکە 66 خاڵی هەیە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، چاوەڕوان دەکرێت لەو پلەیە بمێنێتەوە و بەشداری لە پاڵەوانێتیی یانەکانی عەرەبدا بکات.

یانەی نەورۆز وەرزی ئەمساڵی باش نەبوو، بەڵام لە یاریی رابردوویدا توانی یاریی دێربی لە یانەی هەولێر بباتەوە، بۆیە ئەمجارە دەیەوێت بەورەیەکی بەرزەوە لەنێو هاندەرانیدا ئاهەنگی بردنەوەی سێ خاڵی دیکە بگێڕێت، نەورۆز 46 خاڵی هەیە و لە پلەی یازدەی ریزبەندییە.
لەلایەکی دیکەوە یاریزانانی یانەی هەولێر دوای ئەوەی دوو رۆژ بایکۆتی راهێنانەکانیان بەهۆی پێنەدانی مووچە و شایستە داراییەکانیان کرد، شەوی رابردوو گەڕانەوە نێو یاریگە و راهێنانەکانیان ئەنجامدا، تیپەکە بەرەو شاری بەغدا بەڕێکەوتووە بۆ ئەوەی سبەی پێنجشەممە یاری لەگەڵ یانەی جەوییە بکات.
نیاز محەممەد، یاریزانی یانەی هەولێر لەبارەی گەڕانەوەیان بۆ رووداو گوتی "ناوی یانەی هەولێر زۆر گەورەیە و ئەرکی ئێمە زۆر پیرۆزە، بۆیە گەڕاینەوە و دەستمان بە راهێنان کردەوە، بەورەیەکی بەرزیشەوە یاری لەگەڵ یانەی جەوییە دەکەین".
هەرچی یانەی دهۆکە لە پێنج یاریی رابردوویدا ئاستی بەدڵی هاندەرانی نییە و تامی سەرکەوتنی نەکردووە، شەوی رابردوو یارییەکی دواخراوی بەرامبەر یانەی مینا ئەنجامدا و ئەنجامەکەی بەیەکسانبوون بەگۆڵێک تەواوبوو، ئالهۆیێن چیای رۆژی شەممەی داهاتوو دوور لە هاندەرانیان لەگەڵ یانەی گەرمە یاری دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ