خانمە یاریزانێکی کورد داوای مافی پەنابەری دەکات

18-12-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن شەقایەق باپیری هەڵبژاردەی تۆپی دەستی خانمانی ئێران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

خانمە یاریزانێکی کوردیی هەڵبژاردەی تۆپی دەستی خانمانی ئێران، ئامادە نییە بگەڕێتەوە ئێران و داوا لە دانیمارک دەکات مافی پەنابەری پێبدات.
 
شەقایەق باپیری، خانمە یاریزانی کوردی هەڵبژاردەی ئێران، کە پێشتر بۆ یانەی ئافرەتانی هەولێریش یاریكردووە، بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی تۆپی دەستی خانمان چووبووە ئیسپانیا، بەر لە چەند رۆژێک لەو وڵاتە خۆی لە شاندی هەڵبژاردی ئێران ونکرد و بڕیاریدا نەگەڕێتەوە ئێران.
 
شەقایەق دوای چەند رۆژێک لە دیارنەمانی، دەرکەوتەوە و رایگەیاند کە نایەوێت بگەڕێتەوە ئێران و گوتی "داوای مافی پەنابەری لە دانیمارک دەکەم".
 
ئەو خانمە یاریزانە کوردە، هۆکاری ونکردنی خۆی و داواکردنی مافی پەنابەری ئاشکراکرد و گوتی "نەمدەتوانی چیدی بەرگەی ئەو هەڵوێست و مامەڵە ناشیرینە بگرم کە لەو وڵاتەدا بەرامبەر خانمە یاریزانەکان دەکرێت"، ئەو گوتیشی "کاتێک یاری دەکەین ئەگەر یەکجار لەچکمان هەندێک خوار ببێت، بەوە تۆمەتبارمان دەکەن کە دژی لەچکین و بەشێوەیەکی ناشیرین مامەڵەیان لەگەڵ دەکردین".
 
ئەو زیاتر دەڵێت "ئێمە قبوڵمان کردووە بە لەچکەوە یاری بکەین، بەڵام کاتێک یاری دەکەی هەندێجار یاریزانی تیپی بەرامبەر بەدەست لەچکەکەت دەگریت و رادەکێشت ئەوە بەدەست تۆ نییە، کەچی ئەوان ئەوەش قبوڵ ناکەن".
 
کچە یاریزانە کوردەکەی هەڵبژاردەی تۆپی دەستی ئێران، کە بڕیاریدا لە ئیسپانیاوە داوا مافی پەنابەری لە وڵاتێکی ئەوروپا بکات، باس لەوە دەکات کە ئێران ئەو یاریزان و وەرزشوانانەی بۆ یاریکردن لەگەڵ هەڵبژاردەکانی ئەو وڵاتە دەچنە دەرەوە ناچاردەکات  بڕی یەک ملیار و 500 ملیۆن توومەن وەک کەفاڵەت دابنێن.
 
شەقایەق باپیری کچە یاریزان، کە خەڵکی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، کاتێک لەگەڵ هەڵبژاردەی ئێران بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی تۆپی دەستی خانمان گەشتی ئیسپانیای کرد، خۆی لە شاندەکەی ئێران ونکرد و دواتر داوای مافی پەنابەری لە دانیمارک کرد.
 
باپیری، تەمەن 30 ساڵان، لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "ئەگەر کەفاڵەتی گەڕانەوە یەک ملیار و 500 ملیۆن توومەن نەبووایە هیچ یاریزان و وەرزشوانێکی ئێرانی لە کاتی گەشتکردن بۆ دەرەوەی ئێران نەدەگەڕانەوە و بۆ خۆیان لە وڵاتێکی دیکە بەدوای ژیانێکی خۆشتر و باشتر دەگەڕان".
 
بەر لە هەفتەیەک گوتەبێژی پۆلیس لە شاری ڤالێنسیای ئیسپانیش، ونبوونی 4 خانمە یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی دەستی خانمانی کامیرۆنی راگەیاند و دووپاتکردەوە کە رووداوەکە شایەنی ئەوە نییە لێی بترسن، چونکە وەکخۆی گوتی "هیچ کێشەیەکیان نەبووە، وادیارە بەئەنقەست خۆیان ونکردووە".
 
گوتەبێژی پۆلیس، لەو بارەیەوە گوتی "ئەوان بە ویستی خۆیان رۆیشتوون، بەڕاستی تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکمان لەسەر ئەو شوێنە نییە لە دەبێت بۆی چووبن، بەڵام بەردەوام دەبین بۆ دۆزینەوەیان".
 
پاڵەوانێتی جامی جیهانی تۆپی دەستی خانمان لە سەرەتای ئەم مانگە دەستیپێکردووە، کە زۆرجار زۆر لە یاریزان و وەرزشوانانی وڵاتان بەشداریکردنیان لەم جۆرە بۆنانەدا دەقۆزنەوە بۆ راکردن لە بارودۆخە خراپەکانی وڵاتانیان و بەدەستهێنانی مافی پەنابەری لەو وڵاتانەی بۆنەکانیان تێدا بەڕێوەدەچێت، بۆ نموونە لە ئۆڵیمپیادی 2012ـی لەندەندا 7 ئەندامی شاندی کامیرۆنی بەشدار لە ئۆڵیمپیاد خۆیان لە هاوڕێکانیان ونکرد و نەگەڕانەوە وڵاتەکانیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە