فلیک نهێنی بردنەوە گەورەکەیان لە نیوکاسڵ ئاشکرا دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هانزی فلیک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا دڵخۆشیی خۆی بە بردنەوە گەورەکەی بەرامبەر نیوکاسڵ پێشاندا و لەبارەی پێکانی خوان گارسیاوە قسە بۆ رۆژنامەڤانان دەکات.
 
دوای بردنەوەیان لە نیوکاسڵ بە حەوت گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ، هانزی فلیک لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "پێموایە نیوەی یەکەم زۆر زەحمەت بوو، ئێمەش هەستمان بە گوشاری ئەوان دەکرد، زۆربەباشی یارییاندەکرد، یەک بەرامبەر یەکیان زۆرباشبوو، بۆیە بۆ ئێمە ئاسان نەبوو، کاتێک گۆڵی یەکەممان تۆمارکرد بەسەر یارییەکەدا زاڵ بووین، بەڵام دوای ئەوە یارییە هەوراز و نشێوی تێکەوت."
 
فلیک دەڵێت "نیوەی یەکەم زۆر زەحمەت بوو، بەڵام زۆر دڵخۆشبووم کاتێک گۆڵی سێیەممان تۆمارکرد، لە پشووی نێوان گێمەکاندا گوتمان دەبێت بیرۆکە و چارەسەریمان هەبێت و بەرەو پێشەوە بڕۆین، بەڵام تۆپی زۆرمان لەدەستدا. بۆ تیپێکی وەکو نیوکاسڵ کە بەو یاریزانە خێرایانەی هەیانە، گواستنەوەی زۆر نایابیان ئەنجامدا، بۆیە بەرگریکردن بەرامبەریان ئاسان نەبوو، لە پشووی نێوان گێمەکان گوتمان، پێویستە زیاتر کۆنتڕۆڵ بکەین، یاری بکەین و پاڵیان بنێین بۆ ئەوەی لەنێو ناوچەی خۆیان بمێننەوە، پاشان هەوڵبدەین یاریی خۆمان بکەین، بەبڕوای نیوەی دووەم بەباشی بەڕێوەچوو و بەڕاستی زۆر زۆر نایاب بوو."
 
لەبارەی ئەوەی گۆڕانکاریی بە لیڤاندۆڤسکی کرد، لەکاتێکدا نزیکبوو یاریزانەکە هاتریک بکات، فلیک گوتی "ئەو گوتی هێزی زیاتری هەیە بۆ بەردەوامبوون لە یارییەکەدا، بەڵام دەزانیت بۆ من بینینی ئەو زۆرباشبوو، دۆخێکی ئاسان نەبوو بۆ هێرشبەرەکانمان، بۆ رۆبێرت و فێرانیش هەروەها، چوکە هەمیشە ئەوان وەکو یاریزانی ژمارە 9 بە گۆڵەکانیان هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت، ئەمە شتێکی ئاساییە، بەڵام دڵخۆشم بەو گەڕانەوەیەی لیڤا، ئەوە بۆ من گرنگ بوو، چونکە ئەزموونێکی زۆری لەم جۆرە یارییە گرنگانەدا هەیە، بەتایبەت لە چامپیۆنزلیگ، پێموایە رۆژێکی باشبوو، یارییەکی باشی چامپیۆنزلیگ بوو بۆ ئەوەی دەستبکاتەوە بە گۆڵکردن.
 
هانزی فلیک لەبارەی پێکانی خوان گارسیا، گۆڵپارێزی یانەکەوە گوتی "پێویستە چاوەڕێ بکەین، بۆیە ناتوانم بڵێم هیچ نییە، ناتوانم هیچ بڵێم سەبارەت بەوەی ئایا تووشی پێکانبووە یان نا، پێویستە بوەستین و پەلە نەکەین، دواتر پێموایە یانە زانیاریتان پێدەدات."
 
بارسێلۆنا بەبردنەوە لە نیوکاسڵ گەیشتە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ و لە قۆناخی داهاتوودا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید یاریی دەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە