رووداو دیجیتاڵ
نیکۆلا پۆکریڤاچ، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی کرواتیا، هاوڕێی لوکا مۆدریچی ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید، لە تەمەنی 39 ساڵیدا بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی کرواتیا لە بڵاوکراوەیەکدا، گیان لەدەستدانی نیکۆلا پۆکریڤاچی لە تەمەنی 39 ساڵیدا راگەیاند، کە بەپێی ئەوەی لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە ئەو یاریزانەی پێشووی هەڵبژاردەی کرواتیا لەشاری کارلۆڤاکی لە ناوەڕاستی کرواتیا تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بووە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەستداوە.
میدیا ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە بەهۆی پێکدادانی چوار ئۆتۆمبێلەوە کەسێکی دیکەش لەناو ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا گیانی لەدەستداوە و دەڵێن "پۆکریڤاچ لەگەڵ سێ هاوڕێی لە تیپی پلەچواری ئێن کەی ڤۆینیچ لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون. خۆی مرد و هەرسێ هاوڕێکەی برینداربوون و دوو کەسیان دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە".
یاریزانی پێشووی یانەی دینامۆ زاگریب، پۆکریڤاچ دوو ساڵ هاوڕێی لوکا مۆدریچ بووە لە هەڵبژاردەی کرواتیا، کە لەماوەی نێوان ساڵانی 2008 بۆ 2010 یاری بۆ هەڵبژاردەی کرواتیا کردووە و 15 یاری بۆ ئەو هەڵبژاردەیە ئەنجامداوە. هاوکات بۆ یانەی مۆناکۆی فەرەنسی لە خولی فەرەنسی و یانەی رێدبول سالزبۆرگی نەمسایی یاریکردووە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی کرواتیا لە بڵاوکراوەکەیدا رایگەیاندووە "ئەستەمە وشەی گونجاو بدۆزینەوە بۆ دەربڕینی سەرەخۆشی لە ساتێکی وا خەمناک و پێشبینی نەکراودا، چونکە رۆحێکی گەنجمان لەدەستداوە".
فیدراسیۆنەکە ئاماژەی بەوەشکردووە "تەنیا دەتوانین سەرەخۆشی قوڵی خۆمان ئاراستەی ماڵباتی نیکۆلا و ئازیزانی بکەم بۆ ئەم زیانە قەرەبوونەکراوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی کرواتیا و خێزانی تۆپی پێی وڵاتەکە لەم کاتە لەڕادەبەدەر سەختەدا لەگەڵیان دەوەستن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ