پاڵەوان یاریی هەیە و ئاهەنگ دەگێڕێت

19-04-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی دهۆک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ پاڵەوان یاریی هەیە و بە ئاهەنگگێڕانەوە دەگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق.
 
یانەی دهۆک لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی حدوود یاری دەکات، لە رکابەرییەکانی گەڕی 28ـی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا و بەبۆنەی بردنەوەی نازناوی جامی کەنداوەوە ئاهەنگ دەگێڕێت.
 
دوو کاژێر بەر لە بەڕێوەچوونی یارییەکە پاڵەوانی جامی کەنداو، پێشوازی لە هاندەرانی دەکات و ئامادەبوونی هاندەران لە یارییەکەدا بێبەرامبەر دەبێت.
 
دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک دەڵێت "ئەم ئاهەنگە تەنیا بۆ ئەوەیە وەکو یانەی دهۆک سوپاسی هاندەرانمان بکەین بۆ ئەو پاڵپشتییە بەردەوامەی لە یانەکەیان دەکەن."
 
دهۆک هەشت یارییە هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، یانەکە 7 یاریی کەمتری لە رکابەرەکانی ئەنجامداوە، ئێستا لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی خولەکەیە و بەبردنەوەی سەرجەم یارییە دواخراوەکانی، ئەلهویێن چیا دەبنە رکابەرێکی سەرەکی بۆ بردنەوەی خولی عێراقیش.
 
یانەی حدوود ئەنجامەکانی خراپن لە 27 یارییدا تەنیا 4 بردنەوەی هەیە و لە پلەی کۆتایی ریزبەندە، بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆیان بریارە یاریزانانی ئەو یانەیە رێڕەوی رێزلێنان بۆ یاریزانانی یانەی دهۆک، پاڵەوانی جامی کەنداو دروستبکەن.
 
بەر لە بەڕێوەچوونی یارییەکە بە دوو کاژێر یانەی دهۆک ئاهەنگێکی بچووک رێکدەخات بۆ رێزلێنان و سوپاسگۆزاریی هاندەران، لە بەرامبەر ئەو پاڵپشتییەی لە ماوەی رابردوودا لە یانەکەیان کردووە.




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە