رووداو دیجیتاڵ
لە پاش شکست بەرامبەر ئارسیناڵ و چوونە دەرەوە لە چامپیۆنزلیگ، یاریزانانی ریال مەدرید سکاڵایان لە نوقمبوونی تەکتیکیی تیپەکەیان، لای سەرۆکی یانەکە کردووە.
ریال مەدرید لە ئەنجامی هەردوو یاریی چوون و هاتندا 5 - 1 بە ئارسیناڵی ئینگلیزی دۆڕا و ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کرد، دوای یارییەکە، ژمارەیەک یاریزانی یانەکە بەئاشکرا و بەنهێنی رەخنەیان لە شێوازی کارلۆ ئەنچێلۆتی گرت. هەندێک لە یاریزانەکان لای سەرۆکی یانەکە سکاڵایان کردووە.
شکستەکەی ئارسیناڵ، کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری یانەکەی رووبەڕووی رەخنەی زۆری میدیاکان کردەوە، بەڵام یاریزانانی یانەکەش خۆیان لە رەخنە لە راهێنەرەکەیان نەپاراست و هەندێکیان سکاڵایان لای سەرۆکی یانەکە کردووە.
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، دوای یارییەکە ژمارەیەک یاریزان بێئومێدیی خۆیان لە شێوازی کارکردنی ئەنچێلۆتی دەربڕیوە و وایانداناوە ئەو راهێنەرە، لە یارییە گەورە و چارەنووسسازەکاندا، توانای بڕیاردانی یەکلاکەرەوەی نییە، هەربۆیە تیپەکە دووچاری دۆخێکی خراپ هاتووە.
سەرچاوەکان دەڵێن، یاریزانە ناڕازییەکان سکاڵایان لای فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە کردووە، بەڵام ئەو لە وەڵامدا داوای لێکردوون ئارامبگرن و چاویان لەسەر یارییەکانی داهاتووی تیپەکە بێت.
سەرۆکی ریال مەدرید بەیاریزانەکانی راگەیاندووە کە گرنگترین هەنگاو لەبەردەم تیپەکەدا، نازناوی جامی شایە و دەبێ هەمووان تەنیا بیر لەو نازناوە و بەردەوامبوون لەسەر رکابەریکردن لەسەر نازناوی لالیگا بکەنەوە.
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، یاریزانە ناڕازییەکانی ریال مەدرید، بەسەرۆکی یانەکەیان گوتووە کە تیپەکە لەرووی 'تاکتیکییەوە نوقمبووە'. روونیانکردووەتەوە کە ئەنچێلۆتی هیچ پلانێکی روونی نەبووە بۆ یارییەکەی ئارسیناڵ و هەر ئەوەش هۆکاربووە بۆ شکستی تیپەکە لە یارییەکەدا.
بەپێی هەمان ئەو سەرچاوانە، جیابوونەوەی فەرمی لەنێوان یاریزانان و راهێنەری یانەکەدا روویداوە، چونکە یاریزانەکان نیگەرانن لە مامەڵەی ئەو راهێنەرە لەگەڵ هەردوو یارییەکەی ئارسیناڵ و هەست بەنیگەرانیی گەورە دەکەن، لە کاتێکدا ئەوەی روویداوە ئاماژەیە بۆ نزیکیی رۆیشتنی کارلیتۆ لە ریال مەدرید.
سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە کە یاریزانانی یانەکە متمانەیان بەڕاهێنەرەکەیان نەماوە، هەربۆیە کارکردنیان لە وەرزی داهاتوودا مەحاڵە، بەتایبەت کە تاوەکو ئێستا فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل هەوڵی دەستنیشانکردنی کارلۆ ئەنچێلۆتی بەڕاهێنەری هەڵبژاردەکەی دەدات.
ئەگەرچی تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی فەرمیی ریال مەدرید بەئاراستەی دوورخستنەوەی کارلۆ ئەنچێلۆتی لە ئارادا نییە، بەڵام بەپێی سەرچاوەکان ریال مەدرید بیر لە دەستنیشانکردنی یۆرگن کڵۆپ یان چابی ئەلۆنسۆ بەراهێنەری تیپەکەی دەکاتەوە لە هاوینی داهاتوودا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ