ئێمباپێ لە نەخۆشخانەیە.. ریال مەدرید هۆکاری نەخۆشکەوتنەکەی ئاشکرا دەکات

19-06-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسیی یانەکەیان، بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانە خەوێندراوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە هێرشبەرەکە لە یەکەم یاریی یانەکەی لە مۆندیالی یانەکاندا بەشداریی نەکرد.
 
بەپێی بەیاننامەکەی یانەی شاهانە، ئێمباپێ تووشی هەوکردنێکی تووندی گەدە و ریخۆڵە  بووە و پێویستی بە چاودێریی پزیشکیی ورد هەیە. سەرچاوە پزیشکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گەڕانەوەی بۆ باری ئاسایی خۆی، زیاتر لە هەفتەیەکی پێویستە.
 
ئەمەش بە دڵنیاییەوە بەو مانایە دێت کە کیلیان ناتوانێت بەشداریی یاریی داهاتووی یانەکەی بکات، کە بڕیارە رۆژی 22ی مانگ بەرامبەر یانەی پاچوکای مەکسیکی ئەنجام بدرێت.
 
لە یاریی رابردوودا بەرامبەر یانەی هیلالی سعودی، کە بە یەکسانبوونی 1-1 کۆتاییهات، چاپی ئەلۆنسۆی راهێنەر پشتی بە هێرشەبەری لاو، گۆنزالۆ گارسیا بەست. سەرەڕای ئەوەی گارسیا ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد و گۆڵێکی تۆمارکرد و بە باشترین یاریزانی یارییەکەش دەستنیشانکرا، بەڵام دیاربوو نەبوونی ئێمباپێ کاریگەریی گەورەی لەسەر ئاستی هێرشبردن و یەکپارچەیی تیپەکە هەبوو.
 
ریال مەدرید جەختی کردووەتەوە کە ئێمباپێ لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە و چەند پشکنینێکی دیکەی بۆ ئەنجام دەدرێت، بۆ دڵنیابوونەوەی تەواو لە سەلامەتیی تەندروستیی یاریزانەکە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە